ئەپ و نەرمەکاڵا 13, شوبات 2020

کۆمپانیای Snapchat کار لەسەر دیزاینێکی تەواو نوێ دەکات بۆ ئەپەکەی

وەکو زۆرینەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، Snapchat ـیش هەمیشە لە هەوڵی باشترکردنی دیزاینی ئەپەکەیدایە، بە هیوای کۆکردنەوەی بەکارهێنەری زیاتر لە خۆی. لە هەنگاوێکی نوێدا، Snapchat کار لەسەر تاقیکردنەوەی دیزاینێکی تەواو نوێ دەکات بۆ ئەپەکەی.

دیزاینە نوێیەکەی Snapchat زۆربەی بەشەکانی ئەپەکە لە iOS و Android دەگرێتەوە. یەکێک لەو بەشانەی دیزاین کراووەتەوە، پەڕەی سەرەکی ئەپەکەیە، کە تابەکانی خوارەوەی ڕێکخراونەتەوە و بەشی نوێی بۆ زیاد کراوە. دەتوانرێت لە ڕێگەی تابە نوێیەکانەوە هەریەکە لە بەشەکانی نەخشە، مشتومڕەکان، وێنە، بڵاوکراوەکان (ناوی گۆڕدراوە بۆ Community) و Discover بکەیتەوە. لە بەشی سەرەوە (ناڤیگەیشن) ـیشدا دوگمەکان دیزاین کراونەتەوە.

بەشی Discover ـیش نوێکراوەتەوە و لەمەودوا پاشبەندی بەشەکە ڕەش دەبێت و بڵاوکراوەکان بە شێوەیەکی باشتر و لە شێوەی گۆڤاردا نیشان دەدرێت.

دەستکاری لە بەشی نەخشەشدا کراوە و لە دیزاینە نوێیەکەدا وێنەی هاوڕێیان بە شێوەی جوڵاو نیشان دەدات.

کۆمپانیاکە کارکردن لەسەر دیزاینێکی لەو جۆرەی بۆ ئەپەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند بەم نزیکانە بۆ بەکارهێنەرانی Snapchat لە iOS و Android بەردەست دەکرێت. لە ئێستادا دیزاینە نوێیەکە بۆ ژمارەیەکی زۆر کەم لە بەکارهێنەران بەردەستکراوە، بەڵام ڕێکەوتی بەردەستکردنی بۆ هەمووان نەزاندراوە.

ساڵی پار، Snapchat دیزاینی ئەپەکەی نوێکردەوە، بەڵام زۆرێک لە بەکارهێنەر بەدڵیان نەبوو و ئەمەش وای کرد کە ڕێژەی 2% لە بەکارهێنەرانی چالاکی تۆڕەکە کەم ببێتەوە. ئێستا Snapchat خاوەنی 218 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکە لە هەر ڕۆژێکدا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ