ئەپڵ 22, نیسان 2020

دەنگۆ: بەردەستکردنی iPad Pro ـی 5G بە هەبوونی ڕوونمای mini-LED تاوەکو ساڵی داهاتوو دوادەخرێت

لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەند جارێک گوێمان لە بەردەستکردنی iPad Pro ـییەک بە هەبوونی ڕوونمای جۆری mini-LED ـەوە بوو، ئێستا دەنگۆ نوێیەکان دەڵێن ئەم ئایپادە نوێیە تاوەکو ساڵی داهاتوو نابینین.

پێگەی Economic Daily News ـی چینی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە کە iPad Pro ـی نوێ بە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G و ڕوونمای جۆری mini-LED ـەوە تاوەکو بەهاری ساڵی 2021 بەردەست ناکرێت، پێدەچێت هۆکاری ئەمە بە هۆی کورتهێنانی بەرهەمهێنانی ڕوونما بێت لە لایەن کۆمپانیای LG Display ـییەوە.

نوێترین دەنگۆیەکان ئاماژەیان بە دواخستنی بەردەستکردنی هەندێک لە ئایفۆنە 5G ـیەکان و iPhone SE Plus کردبوو بە هۆکارێکی نەزاندراو.

یەکێک لە سوودە گەورەکان کە ئەپڵ لە بەکارهێنانی ڕوونمای جۆری mini-LED وەری دەگرێت، کەمکردنەوەی ئەستووری ئامێرەکە و بەخشینی هەمان توانای ڕوونمای جۆری OLED ـە لە ڕووی وزە و ڕەنگ و ڕووناکی. دەگوترێت لە داهاتوودا ئەپڵ ئەم جۆرە ڕوونمایە بۆ ئامێرەکانی دیکەشی بەکاردەهێنێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ