10
پزیشک و سەلامەتی 29, شوبات 2020

ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی تۆڕی TikTok بەکاردەهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە ناڕاستەکانی دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

دوێنێ، ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی (World Health Organization – WHO) هەژمارێکی لە تۆڕی TikTok درووستکرد و بڕیاریدا ئیدی ئەو تۆڕەش بەکاربهێنێت بۆ مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان.

ڕێکخراوەکە یەکەمین ڤیدیۆی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕەکەدا بڵاوکردەوە، کە تێیدا بەڕێز Benedetta Allegranzi، بەڕێوەبەری تەکنیکی ڕێگەگرتن و کۆنتڕۆڵ لە نەخۆشییەکان لە ڕێکخراوەکە، قسەی تێدا دەکات و باس لە ڕێگاکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەیوەندیکردن پێیانەوە دەکات لە کاتی هەبوونی پرسیاری زیاتر. (کرتە لێرە بکە بۆ کردنەوەی ڤیدیۆکە.)

هەروەها ڕێکخراوەکە لە بەشی باسکردنی ڤیدیۆکەدا نووسیوویەتی: “ئێمە پەیوەستی TikTok بووین تاوەکو ئامۆژگارییە تەندرووستییە بڕواپێکراوەکان بڵاو بکەینەوە.”

ئامانجی سەرەکی ڕێکخراوەکە لە پەیوەستبوون بە TikTok ـەوە، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو زانیارییە نادرووستانەیە کە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تۆڕەکەدا بڵاو دەکرێنەوە.

خۆشحاڵانە، تۆڕەکان هاوکارن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی زانیارییە نادرووستەکان دەربارەی ڤایرۆسە کوشندەکە. تۆڕی Google لە شێوازی ڕیزکردنی ئەنجامەکانی گەڕانی زانیارییە پەیوەندیدارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زانیارییەکانی WHO ـی لە لیستی سەرەوە داناوە. Facebook لە پەڕەی سەرەکیدا بۆ ئەو بڵاوکراوانەی کە پەیوەندیدارن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوا دەکات سەردانی ماڵپەڕەکانی حکومەت بکەیت بۆ زانیاری سەبارەت بە ڤایرۆسەکە. Twitter لەسەر بڵاوکراوە پەیوەندیدارەکانی ڤایرۆسەکە دەنووسێت “ڕاستییەکان بزانە – Know the facts” و سەردانی ماڵپەڕی CDC بکە بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەروەها ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە تۆڕەکانی دیکەی وەک Instagram ـدا چالاکی هەیە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و بە بەردەوامی گرافیکە زانیاری دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو دەکاتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ