هەواڵ 17, كانونی دووه‌م 2020

ڕێکەوتی بەردەستکردنی یاری Cyberpunk 2077 بۆ 5 مانگی دیکە دواخرا

وا بڕیار بوو لە مانگی 4 ـی ئەمساڵدا یاری Cyberpunk 2077 بەردەست بکرایە، بەڵام ڕێکەوتی بەردەست کردنی یارییەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و دواخرا.

کۆمپانیای CD Projekt Red ـی درووستکەری یاری Cyberpunk 2077، لە جریوەیەکدا لە تویتەر ڕایگەیاند کە ڕێکەوتی بەردەستکردنی یاری Cyberpunk 2077 ـیان بۆ ڕێکەوتی 17 ـی مانگی 9 ـی ئەمساڵ دواخست. لە کاتێکدا کە وا بڕیار بوو لە ڕێکەوتی 16 ـی ئەم مانگەدا یارییەکە بەردەست بکرایە، بەڵام کۆمپانیای درووستکەری یارییەکە ڕایگەیاند کە هەندێک کار ماوە تاوەکو لەسەر یارییە ئەنجامی بدەن و پێویستی بە تاقیکردنەوە، چاککردن و جوانکاری زیاتر دەکات.

کیانۆ ڕێڤسی ڕۆڵگێڕی بەناوبانگ، کەسایەتی سەرەکی یاری Cyberpunk 2077 ـە. یاری Cyberpunk 2077 یارییەکی شەڕئامێزە و لە یارییەکەدا ئامێرە ئاسمانییەکان، دۆخی لاشەکان، ئۆتۆمبێلەکان و بژاردە داستانییەکان و زیاتر بوونیان هەن. ئەمانە وەکو وێنەکێشانێک نین تاوەکو بە کاتێکی کەم تەواو ببن، پێویستیان بە کاتێکی زۆر زیاترە بۆ هێنانە بوون.

دەگوترێت کۆمپانیای CD Projekt Red لە ساڵی 2013 ـەوە کار لەسەر درووستکردنی یاری Cyberpunk 2077 دەکات، بەڵام ساڵی ڕابردوو یارییەکەی ئاشکرا کرد.

یاری Cyberpunk 2077 لە ڕێکەوتی 17 ـی مانگی 9 ـی ئەمساڵدا بۆ هەریەکە لە سەکۆیەکانی PS4 و Xbox One بەردەست دەکرێت و لە ئێستادا دەتوانرێت بە نرخی 60$ بە شێوەی داواکاری پێشوەختە بکڕدرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ