ئەپ و نەرمەکاڵا 20, كانونی دووه‌م 2020

ئینستەگرام دوگمەی IGTV ـی لە پەڕەی سەرەکی ئەپەکەیدا لە iOS و Android لابرد

لەو کاتەوەی کە کۆمپانیای ئینستەگرام تۆڕی سەربەخۆی IGTV ـی لە ساڵی 2018 ـدا درووست کرد، دوگمەی تۆڕەکەی لە بەشی سەرەوەی پەڕەی سەرەکی ئەپەکەیدا لە سیستەمەکانی iOS و Android ـدا جێگیر کرد. بەڵام ئینستەگرام دوگمەکەی لابرد.

کۆمپانیای ئینستەگرام بڕیاریدا دوگمەی تایبەت بە کردنەوەی تۆڕی IGTV ـی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ درێژ خایەنەکان لە بەشی سەرەوەی پەڕەی سەرەکی ئەپەکەیدا لە سیستەمەکانی iOS و Android ـدا لاببات. ئینستەگرام دەڵێت بەکارهێنەران زۆرترین ڤیدیۆکانی IGTV ـیان لە پەڕەی سەرەکی و Explore ـدا بەرچاو دەکەوێت، ژمارەیەکی زۆر کەمی بەکارهێنەر کرتەیان لە دوگمەکەی بەشی سەرەوەی پەڕەی سەرەکی دەکرد بۆ کردنەوەی IGTV، هەر ئەمە هۆکاری لابردنی بووە.

هەرچەندە گۆڕانکارییەکی زۆر بچووکە، بەڵام پێویست بوو و ئەو دوگمەیە بۆ زۆرێک لە بەکارهێنەران بێزارکەر بوو، لەبەر ئەوەی ڕێک لە پاڵ دوگمەی بەشی نامەی تۆڕەکەدا بوو، لە هەمان کاتدا پێویست نەبوو و زۆرجار ڤیدیۆکانی تۆڕەکە لە پەڕەی سەرەکی ئەپی ئینستەگرامدا بەرچاو دەکەون. بێگومان، تۆڕی IGTV ئەپی تایبەت بە خۆیشی هەیە.

وا دیارە ئینستەگرام سەرنجی خستۆتە سەر گۆرانکارییەکان بەسەر تۆڕی IGTV ـدا، هەفتەی ڕابردوو پێگەی AdWeek ڕایگەیاند کە لەمەودوا بەکارهێنەرانی ئینستەگرام دەتوانن لە بەشی بارکردنی ئەپی ئینستەگرامدا ڕاستەوخۆ ڤیدیۆکان لە IGTV ـدا بڵاو بکەنەوە.

ئامانج لە درووستکردنی تۆڕی سەربەخۆی IGTV ـی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ ماوە درێژەکان لە لایەن ئینستەگرامەوە، بۆ سەرنج ڕاکێشانی بەکارهێنەران بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی زیاتر لە تۆڕەکەدا دەگەڕێتەوە. هەر چەندە لەو کاتەوە ئینستەگرام سەرکەوتوو نەبووە لە ئەنجامدانی ئەمە، بە هۆی ئەوەی بەکارهێنەران ڕەخنە لە تۆڕەکە دەگرن بە پاساوی ئەوەی ڕێکلامەکانیان ئامانجی خۆی ناپێکێت لە IGTV وەک لەوەی کە لە ئینستەگرامدا بڵاوی دەکەنەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ