ئاسایشی ئەلیکترۆنی
16, كانونی دووهم 2020
دەزگای FBI بە سەرکەوتوویی توانی لە ڕێگەی ئامرازێکەوە قفڵی iPhone 11 Pro ـی تاوانبارێک بکاتەوە
خەریکە بابەتی داواکارییەکانی دەزگای FBI لە کۆمپانیای ئەپڵ سەبارەت بە کردنەوەی قفڵی ئایفۆنی تاوانباران ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵام وا دیارە دەزگاکە چیدیکە پێویستی بە ئەپڵ نامێنێت بۆ کردنەوەی قفڵی ئەو ئایفۆنانەی کە دەیەوێت.
لە بەدواداچوونێکی نوێی پێگەی Forbes ـدا، ئاشکرا کراوە کە دەزگای FBI توانی بە سەرکەوتوویی قفڵی iPhone 11 Pro ـی تاوانبارێک بکاتەوە. ئایفۆنەکە هی کەسێک بووە بە ناوی Baris Ali Koch ـەوە، کە یارمەتی برا تاوانبارەکەی داوە تاوەکو وڵاتەکە جێبهێڵێت لە ڕێگەی دابینکردنی ناسنامەیەکی ساختە بۆی و فێڵکردن لە پۆلیس. ئەو کەسە لە ئێستادا هێڵدراوەتەوە و چاوەڕێی دادگایکردن و سەپاندانی سزا بە سەریدا دەکات.
ئەو ئامرازەی کە دەزگای FBI قفڵی ئایفۆنی تاوانبارە ناوبراوەکەی پێ کردۆتەوە، ناوی GrayKey ـە و لە لایەن کۆمپانیای Grayshift ـەوە درووست کراوە. پارێزەری تاوانبارەکە دەڵێت ئایفۆنەکە قفڵ ببوو و تێپەڕەوشەی لەسەر ببوو کاتێک درا بە دەزگای FBI، تەنانەت دەزگاکە زۆریشی لە تاوانبارەکە نەکردبوو تاوەکو قفڵی ئایفۆنەکە لە ڕێگەی هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەمووچاوی Face ID ـییەوە بکاتەوە.
ناتوانرێت بە ئاسانی ئامرازی قفڵ شکێنەری GrayKey بەدەست بخرێت، تەنانەت نازاندرێت کە چۆن کار دەکات و قفڵی ئایفۆنەکان دەکاتەوە، بەڵام ئەپڵ بە بەردەوامی لە هەوڵدایە تاوەکو ئەو کەلێنانە چاک بکات کە ئامرازەکە لە ڕێگەیەوە قفڵی ئایفۆنەکان دەشکێنێت و دەیانکاتەوە. هەندێک پێگە لە ڕابردوودا دەیانگوت نرخی ئەو ئامرازە بە 15,000$ دەخەمڵێندرێت.
پێگەکە ڕایگەیاندووە کە تەنانەت ئامرازەکە توانای کردنەوەی قفڵی ئایفۆنە کۆنەکانیشی هەیە، دەگوترێت دەزگای FBI توانی قفڵی iPhone 5 و iPhone 7 ـی دوو تەقەکەرەکەی شاری پێساکۆلاش لە ڕێگەی ئامرازەوە بکاتەوە.
دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە کۆمپانیای ئەپڵ دەربڕی و ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی لە هەموو شتێکدا یارمەتی ئەپڵ دەدەن، بەڵام ئەپڵ ناتوانێت یارمەتییان بدات بۆ کردنەوەی قفڵی ئایفۆنی تاوانباران. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، بەڕێز William Barr، جەنەڕاڵی دادوەری ئەمریکا، ئەپڵی بە هەمان تۆمەت تاوانبار کرد.
لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای FBI بۆ چەند جارێک داوای لە کۆمپانیای ئەپڵ کرد تاوەکو قفڵی ئایفۆنی دوو تەقەکەری شاری پێساکۆلای ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکایان بۆ بکاتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە خۆی لەو داواکارییە بێدەنگ کردووە و ڕوون نییە کە ڕەتی کردۆتەوە یاخود نا. بەڵام پێناچێت چیدیکە دەزگاری FBI پێویستی بەم داواکارییانە بێت تاوەکو لە ئەپڵی بکات.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.