سامسۆنگ 29, كانونی دووه‌م 2020

سامسۆنگ تابلێتی Samsung Galaxy Tab S6 5G ـی ڕاگەیاند: یەکەمین تابلێتی 5G

لە پێشوودا لە ماڵپەڕی فەرمی سامسۆنگدا ئاشکرابوو کە کۆمپانیا کۆرییەکە جۆرێکی 5G لە تابلێتی Samsung Galaxy Tab S6 ڕادەگەیەنێت. ئەمە ڕوویدا و ئەمڕۆ کۆمپانیای سامسۆنگ تابلێتی Samsung Galaxy Tab S6 5G ـی ڕاگەیاند.

تابلێتی Samsung Galaxy Tab S6 5G پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات، بەمەش بووە یەکەمین تابلێتی جیهان کە پشتگیری لە نەوە نوێیەکەی پەیوەندی بکات. هەر وەک لە ناوەکەیدا دیارە، خاوەن هیچ گۆڕانکارییەکی دیار نییە بە بەراورد بە جۆرە ئاساییەکەی، تەنها ئەوە نەبێت کە خاوەن مۆدیەمی Snapdragon X50 5G ـە، ئەمەش تابلێتەکە پشتگیر دەکات لە 5G.

هەرچی دەربارەی تایبەتمەندییەکانی دیکەیەتی، هاوشێوەی جۆرە ئاساییەکەی، خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 10.5 ئینجە لە جۆری OLED HDR و پڕۆسێسەری Snapdragon 855 ـی لەسەر جێگیرە. بەڵام ئەم جۆرە نوێیەی تابلێتەکە تەنها خاوەن بژاردەی ڕامی 6 گێگابایت و بیرگەی 128 گێگابایتییە.

نرخی تابلێتی نوێی Samsung Galaxy Tab S6 5G بە نزیکەیی 848$ ـە و لە ڕێکەوتی 30 ـی ئەم مانگەدا لە بازاڕەکانی کۆریای باشووردا بەردەست دەبێت. هیچ زانیارییەک لە بارەی بەردەستکردنی لە بازاڕەکانی دیکەی جیهاندا بوونی نییە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ