ئەپ و نەرمەکاڵا 31, كانونی دووه‌م 2020

ئەپڵ دیزاینی ئەپی نەخشەیی Apple Maps ـی نوێکردەوە

دوێنێ (30-1)، کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە دیزاینی ئەپی نەخشەیی Apple Maps ـی نوێکردەوە و بە فەرمی بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەردەستکرد.

بۆ یەکەمجار، لە حوزەیرانی ساڵی 2018 ـەدا ئەپڵ ڕایگەیاند کە پلانیان هەیە تاوەکو دیزاینی ئەپە نەخشەییەکە نوێ بکەنەوە. لە کۆتایدا ئەمەی بە ئەنجام گەیاند و لە ئێستادا لە پڕۆسەی بەردەستکردندایە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەروەها کۆمپانیاکە ڕایگەیاند لە ماوەی چەند مانگێکی داهاتوودا بۆ بەکارهێنەرانی سەرانسەری ئەوروپاش بەردەست دەکرێت.

دیزاینە نوێیەکەی ئەپی نەخشەیی Apple Maps، پڕە لە وردەکاری و زۆر بە نایابی ڕێگاکان، باڵەخانەکان، پارکەکان و زیاتر نیشان دەدات. لە ڕێگەی ئەم وێنە جوڵاوەوە دیزاینە نوێیەکەی ئەپە نەخشەییەکە بە بەراورد بە دیزاینە کۆنەکە ببینە.

ئەپڵ بە خاوی دەستیکرد بە بەردەستکردنی دیزاینە نوێیەکەی ئەپە نەخشەییەکە، بە شێوەیەک کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکی پێچوو. سەبارەت بە بەردەستکردنی دیزاینە نوێیەکەی ئەپی نەخشەیی Apple Maps بۆ ناوچەکانی دیکە، بەڕێز Eddy Cue، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و نەرمەکاڵاکانی ئەپڵ ڕایگەیاند کە بەم نزیکانە بۆ سەرانسەری جیهان بەردەست دەکرێت، بەڵام ئاماژەی بە ڕێکەوتێک نەکرد بۆ ئەمە.

لەوەتەی بەردەستکردنی ئەپی نەخشەیی Apple Maps لە ساڵی 2012 لە لایەن ئەپڵەوە، کە لە سەرەتا بە دەیان کێشەی هەبوو، کۆمپانیاکە بەردەوامە لە زیادکردنی تایبەتمەندییە نوێیەکان بۆی و دەیەوێت پێش Google Maps ـی گووگڵ بکەوێتەوە.

لە وەشانی iOS 13 ـدا، ئەپڵ تایبەتمەندی Look Around ـی بۆ ئەپی Apple Maps زیادکرد، کە هاوشێوەی Street View ـی Google Maps ـە و تایبەتە بۆ بینینی ناوچەکان بە شێوەی زیندوو و 3 دووری. لە ئێستادا ئەم تایبەتمەندییە لە ناوچەکانی New York City و San Francisco Bay Area و Los Angeles و Las Vegas و Houston و Oahu ـی ئەمریکادا بەردەستە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ