ئۆتۆمبێل
2, شوبات 2020
لە دوای 10 ساڵ، ئۆتۆمبێلی Hummer بە بزوێنەری کارەبایی و توانای 1,000 ئەسپەوە دەگەڕێتەوە

نزیکەی 10 ساڵ دەبێت کە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی Hummer وەستاوە و لەو کاتەوە هیچ جۆرێکی نوێی لێ ڕانەگەیاندراوە. بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆرزی ئەمریکی ڕایگەیاند کە ئۆتۆمبێلی Hummer بە شێوەیەکی جیاواز و توانایەکی زۆر زیاترەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو دەست بەسەر بازاڕەکاندا بگرێت.
بە پێی کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆرز بێت، جۆرە نوێیەکەی Hummer بە تەواوەتی کارەبایی دەبێت و بە سووتەمەنی کار ناکات. هەروەها توانای 1,000 ئەسپی دەبێت و دەتوانێت لە 3 چرکەدا لە 0 بگات بە 60 میل. جۆرە نوێیەکەی Hummer لە ژێر براندی GMC ـدا درووست دەکرێت و دەفرۆشرێت، وە کاری درووستکردنی لە کارگەی Detroit-Hamtramck ـی کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆرزدا ئەنجام دەدرێت.
دواین جۆری ئۆتۆمبێلی Hummer لە ساڵی 2010 ـەدا درووستکرا و لەو کاتەوە هیچ جۆرێکی نوێمان لە ئۆتۆمبێلە بەهێزەکە نەبینیوە. درووستنەکردنی ئۆتۆمبێلی Hummer لە ئەو ماوە زۆرەدا، ڕێگەی بە ئۆتۆمبێلە SUV و بارهەڵگرەکان دا تاوەکو دەست بەسەر بازاڕەکانی ئەمریکادا بگرن و سەرنجێکی ئێجگار زۆری کڕیار بە لای خۆیاندا ڕابکێشن.
وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 20 ـی مانگی 5 ـی ئەمساڵدا، کۆمپانیای GMC جۆرە نوێیەکە کارەباییەکەی Hummer نمایش بکات و لە کۆتاییەکانی ساڵی داهاتووشدا بەردەست بکرێت. بێگومان لە کاتی بەردەستکردنیدا، زانیاری زیاتر سەبارەت بە Hummer ـە کارەباییەکە دەبیستین.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.