ئەپ و نەرمەکاڵا 3, شوبات 2020

لەمەودوا خزمەتگوزاری Google Photos باشترین وێنەکانی مانگت بۆ چاپ دەکات و بۆت دەنێرێتە ماڵەوە

لە هەنگاوێکی نوێدا، لەمەودوا خزمەتگوزاری Google Photos توانای دەبێت باشترین وێنەکانی مانگت بۆ چاپ بکات و بۆت بنێرێتە ماڵەوە.

لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، پێگەی 9to5Google ڕایگەیاندووە کە خزمەتگوزاری Google Photos بەرەو زیادکردنی بژاردەی بەژداربوونی مانگانە هەنگاو دەنێت، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز. پێگەکە ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی پێدانی بڕی مانگانەی 7.99$، Google Photos توانای دەبێت خودکارانە و لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەوە، 10 باشترین وێنەکانی نێو خزمەتگوزارییەکەت بۆ چاپ بکات و بۆت ڕەوانەی ماڵەوە بکات.

قەبارەی وێنە چاپکراوەکان 4 بە 6 ئینج دەبن و لە نێو دواین وێنەکانی 30 ڕۆژی ڕابردووی Google Photos ـدا دیارییان دەکات. ئەم تایبەتمەندییە نوێیەی Google Photos، وێنەکانت بۆ چاپ دەکات لەسەر بنەمای یەکێک لە بژاردەکانی:

  • زۆرینەی خەڵک و ئاژەڵە ماڵییەکان.
  • زۆرینەی دیمەنە سرووشتییەکان.
  • کەمێک لە هەموو شتێک (تێکەڵاو).

پێویستە یەکێک لەو بژاردانەی سەرەوە هەڵبژێریت بۆ ئەوەی 10 باشترین وێنەی چاپکراو لە مانگێکدا بەدەست بهێنیت.

لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکە بۆ ژمارەیەک بەکارهێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەستە و بەم نزیکانە بۆ بەکارهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی جیهان بەردەست دەکرێت.

ئەمە یەکەمجار نییە کە گووگڵ بژاردەی چاپکردنی وێنەکان بەردەست دەکات، لە ڕابردوودا بژاردەی چاپکردنی وێنەکانی نێو Google Photos ـی بە نرخی 0.25$ بۆ هەر وێنەیەک بەردەست کردبوو.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ