مایکرۆسۆفت ڕابەری بەشی ئامێرەکانی Surface ـی کرد بە ڕابەری بەشی Windows و ڕەقەکاڵاکان
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت چەند ڕێکخستنەوەیەکی گرنگی لە نێو کۆمپانیاکەیدا ئەنجامدا و لەمەودوا ڕابەری بەشی ئامێرەکانی Surface ڕابەری بەشی Windows و ڕەقەکاڵاکانە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی ZDNet بێت، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت گرووپەکانی Windows Experience و ڕەقەکاڵاکانی کرد بە یەک گرووپ لە ژێر ناوی Windows + Devices و لەمەودوا پێکەوە هاوکار دەبن. بەمەش، Panos Panay، ڕابەری بەشی ئامێرەکانی Surface بووە ڕابەری بەشی Windows و ڕەقەکاڵاکانی مایکرۆسۆفت.
هەرچی سەبارەت بە ڕابەری پێشووی بەشی Windows ـە، Joe Belfiore، لەمەودوا ڕابەرایەتی بەشی Office دەکات و هاوکار دەبێت بۆ گەشەپێدانی ئەپەکانی Office. بەڕێز Joe Belfiore لە ڕابردوودا کاری لەسەر ڕووکاری سیستەمەکانی Windows 95 و Windows XP و Windows Phone و ئەپی Windows Media Center کردبوو. هەر لەگەڵ ڕابەرایەتی کردنی بەشی Office، دەگوترێت کە Joe Belfiore بووە ڕابەری Essential Products Inclusive Community ـی مایکرۆسۆفت بۆ گەشەپێدانی ئەپەکانی iOS و Android ـی کۆمپانیاکە.