هەواڵ 10, شوبات 2020

کۆمپانیاکانی Sony و Amazon و ژمارەیەکی دیکە بەژداری کۆنگرەی جیهانی مۆبایل ناکەن بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

وا بڕیارە لەم مانگەدا گەورەترین کۆنگرەی تایبەت بە نمایشکردنی مۆبایلەکان بە ناوی کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress) لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەبچێت. بەڵام کۆمپانیاکانی Sony و Amazon و ژمارەیەک کۆمپانیای بەناوبانگی دیکە ڕایانگەیاند کە بەژداری لە کۆنگرەکەدا ناکەن بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

لە چەند ڕۆژی پێشوودا، کۆمپانیاکانی LG و ZTE و Nvidia و Ericsson ڕایانگەیاندبوو کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەژداری لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا ناکەن. ئەمڕۆش، کۆمپانیاکانی Sony و Amazon ڕایانگەیاند کە بە هۆی هەمان پاساوەوە بەژداری لە کۆنگرە گەورەکەی ساڵدا ناکەن.

لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، کۆمپانیای Sony ڕایگەیاندووە کە لەبەر خاتری سەلامەتی گیانی کڕیاران، هاوبەشان، میدیاکان و فەرمانبەران، بڕیاریاندا پاشگەز ببنەوە لە بەژداریکردن لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلی ئەمساڵدا.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای Amazon ـیش بە پێگەی TechCrunch ـی ڕاگەیاندووە کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بڕیاریان داوە کە بەژداری لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلی ئەمساڵدا نەکەن.

کۆمپانیای Amazon مێژوویەکی درێژی نییە لە بەژداریکردن لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا، بەڵام Sony، ساڵانە گرنگترین مۆبایلەکانی لە کۆنگرەکەدا نمایش دەکات و بایەخێکی تایبەتی هەیە بۆی. پێدەچێت کۆمپانیای Sony مۆبایلە نوێیەکانی Xperia بە شێوەی سەرهێڵ ڕابگەیەنێت لە جیاتی لە کۆنگرەکەدا.

دوێنێ دامەزراوەی GSM، کە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress) ڕێکدەخات، ڕایگەیاند کە هەموو ڕێگەیەک دەگرنە بەر بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆنگرەکەدا، هەروەها ڕێگە بە گەشتیارانی شاری Hubei ـی چین نادرێت سەردانی کۆنگرەکە بکەن، ئەو شارەی کە ڤایرۆسەکەی تێدا سەری هەڵدا. هەروەها هەر کەسێکیش کە سەردانی چینی کردبێت بۆ بەر لە 14 ڕۆژ گەڕابێتەوە بۆ وڵاتەکەی، بە هەمان شێوە ڕێگەی پێ نادرێت بەژداری کۆنگرەکە بکات.

وا بڕیارە کۆنگرەی کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress) لە ڕێکەوتی 24 ـی ئەم مانگەدا لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بەڕێوەبچێت و ماوەی 3 ڕۆژ بخایەنێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ڤایرۆسی جۆری 2019-nCoV لە خێزانی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا لە چەند ناوچەیەکی وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900 کەسی کوشتووە و هەزاران کەسیش تووشبوون لە ناوخۆی وڵاتەکەدا، هەروەها زیاتر لە 40,000 حاڵەتی تووشبوون لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراوە. سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە شاری Wuhan ـی چینەوە بوو و بەردەوامە لە تەشەنەکردن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ