پزیشک و سەلامەتی 26, شوبات 2020

کۆمپانیای Amazon هۆشیاری بە فرۆشیارانی ماڵپەڕەکەی دەدات تاوەکو دەمامک بە نرخی بەرز نەفرۆشن

کۆمپانیای Amazon سەرجەم فرۆشیارە لایەنە سێیەمینییەکانی ماڵپەڕە سەرهێڵییەکەی ئاگادار کردەوە کە نرخی زیادە نەخەنە سەر نرخی دەمامک لەم دۆخەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، گەر نا سزا دەدرێن.

کۆمپانیای Amazon لە ماڵپەڕە سەرهێڵییەکەیدا یاسایەکی هەیە بە ناوی Fair Pricing Policy، کە تایبەتە بە زیادە نەخستنە سەر نرخی شتومەکەکان کاتێک کە هەمان کاڵا بە نرخی زۆر کەمتر لە ماڵپەڕەکەدا بوونی هەبێت بۆ فرۆشتن، گەر نا فرۆشیار سزا دەدرێت و چیدیکە بۆی نابێت کاڵا لە ماڵپەڕەکەدا بفرۆشێت.

بەڵام زۆرینەی فرۆشیارەکان لەم چەند ڕۆژەی دوایدا سەرپێچی یاساکەیان کردووە، یەکێک لەوانە کۆمپانیایەکە بە ناوی Kidirt ـەوە، کە یەک دەمامکی بە نرخی 14.99$ فرۆشتبوو، هەروەها بڕی 4.99$ ـی زیادەشی بۆ گەیاندن دانابوو. پێگەی Wired دەڵێت ئەم نرخە 4 هێندەی نرخی ڕاستەقینەی دەمامکە لە ماڵپەڕە سەرهێڵییەکەدا.

دەمامکی N95، کە گرانترین جۆری دەمامکە لە ئێستادا و دەستکەوتنی بووەتە شتێکی مەحاڵ، کۆمپانیاکانی 3M و Honeywell یەک دانەیانی بە نرخی 15$ و یەک پارچەشی، کە 20 دانەی تێدایە، لە ماڵپەڕەکەدا بە نرخی 60$ فرۆشتبوویان. خۆشحاڵانە، Amazon توانی لە ڕێگەی سڕکردنی ئەو فرۆشیارانەوە، کۆنتڕۆڵی نرخی دەمامک بکات لە ماڵپەڕەکەیدا.

ئەمە یەکەمجار نییە کە زیاد لەسەر دانانی نرخی کاڵاکان لە ماڵپەڕی Amazon ڕوودەدات. لە تسۆنامییەکەی ساڵی 2017 ـی ئەمریکاشدا، فرۆشیاران نرخی بوتڵە ئاوەکانیان بە نرخێکی بەرز دەفرۆشت.

بەداخەوە، زیادە خستنە سەری نرخ بۆ سەر دەمامکەکان لە کوردستانیشدا ڕوویداوە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بە پێی پێویست نرخی کاڵاکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ڤایرۆسی COVID-19، کە ناسراوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2,600 ـی کوشتووە و ژمارەی توشبووانیش 81,000 ـی تێپەڕکردووە لە سەرانسەری جیهاندا. بە هیوای سەلامەتی بۆ خوێنەران و هاونیشتیمانیانمان.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ