سامسۆنگ 12, شوبات 2020

تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکی 1 خولەکی 8K بە مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 پێویستی بە چەند مێگابایتە؟

دوێنێ، کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra ـی بە تایبەتمەندی زۆر بەرز و نایابەوە ڕاگەیاندن. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر ئێمەی دەربارەی مۆبایلە نوێیەکان سەرسام کرد، کامێراکانیان بوو.

کامێرای مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra توانایان هەیە ڤیدیۆ تاوەکو ڕوونی 8K تۆمار بکەن، ئەو مۆبایلانەی لە ئێستادا ئەو توانا شێتانانەیان هەیە، بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن. بەڵام ئاخۆ بڕی چەند مێگابایت لە بیرگە پێویستە تاوەکو ڤیدیۆیەکی 1 خولەکی بە ڕوونی 8K بە مۆبایلە نوێیەکانی سامسۆنگ تۆمار بکەیت؟

تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکی 1 خولەکی بە ڕوونی 8K بە مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra پێویستی بە 600 مێگابایتە. ئەگەر ڤیدیۆیەکی 5 خولەکی بە ڕوونی 8K بە مۆبایلە نوێیەکانی سامسۆنگ تۆمار بکەیت، ئەوا پێویست بە بڕی 3 گێگابایت لە بیرگەی ناوەکی دەکات.

بەڵام، لە ڕاستیدا تەنها دەتوانیت تاوەکو ماوەی 5 خولەک ڤیدیۆ بەو ڕوونییە تۆمار بکەیت بە گالەکسییە نوێیەکان، لەبەر ئەوەی سامسۆنگ ماوەی تۆمارکردنی ڤیدیۆی بە ڕوونی 8K لە مۆبایلەکاندا سنووردار کردووە.

هەروەها، گالەکسییە نوێیەکان تەنها بە خێرایی چوارچێوەی 24fps ڤیدیۆیە 8K ـییەکان تۆمار دەکەن، ناتوانیت ئەم خێراییە بگۆریت بۆ 60fps یاخود تەنانەت بۆ 30fps.

فراوانی بیرگە نابێتە کێشە بۆت لەم حاڵەتەدا، چونکە مۆبایلی Galaxy S20 Ultra بژاردەی بیرگەی تاوەکو 512 گێگابایتی لێ بەردەستە، تەنانەت لە ڕێگەی دەرچەی microSD ـەوە دەتوانیت فراوانی بیرگە بەرز بکەیتەوە بۆ 1.5 تێرابایت.

نرخی مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S20 لە 999$ ـەوە دەست پێدەکەن و لە ئێستاوە بەردەستن بۆ کڕین بە شێوەی داواکاری پێشوەختە، هەروەها لە ڕێکەوتی 13 ـی مانگی داهاتوودا بە فەرمی بەردەست دەکرێن بۆ کڕین.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ