سامسۆنگ 11, شوبات 2020

سامسۆنگ مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra ـی ڕاگەیاندن

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Unpacked 2020 ـدا، کۆمپانیای سامسۆنگ نوێترین مۆبایلەکانی نەوەی زنجیرەی Galaxy S ـی بە ناوەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra ـەوە ڕاگەیاندن.

هەر وەک چاوەڕوان دەکرا، مۆبایلی Samsung Galaxy S20 خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.2 ئینج و بە ڕوونی 1440 پێکسڵ و بە خێرایی 120 هێرتز. لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرایە بە ڕوونییەکانی 64 (جۆری Telephoto) و 12 (جۆری Wide) و 12 مێگاپێکسڵ (جۆری Ultra Wide)، کامێرا سەرەکییەکەی توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی هەیە بە ڕوونی 8K، هەروەها لە پێشەوە خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 10 مێگاپێکسڵ.

پڕۆسێسەری Snapdragon 865 یاخود Exynos 990 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامی 8 یان 12 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 128 گێگابایت (لە ڕێگەی دەرچەی microSD زیاد دەکرێت) و پاترییەکە بە توانستی 4,000 ملی ئەمپێر، هەروەها پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 25 وات و خاوەن بڕوانامەی IP68 ـە بۆ بەرگری لە تۆز و ئاو. خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمایە.

خاوەن ڕووکاری OneUI 2.0 ـە کە لەسەر وەشانی نوێی Android 10 بنچینە کراوە. جۆری 4G و 5G ـی لێ بەردەست دەکرێت، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی جۆری 5G، پێویستە 100$ زیاتر بدەیت. بە ڕەنگەکانی ڕەشی ئاسمانی و نیلی و پەمەیی و بە نرخی دەستپێکی 999$ لە ڕێکەوتی 13 ـی مانگی داهاتوودا بەردەست دەکرێت.

دەربارەی مۆبایلی +Samsung Galaxy S20 ـە، ئەمەیان گەورەترە و خاوەن کامێرای زیاترە لە پشتەوە. خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 6.7 ئینجییە لە جۆری Dynamic AMOLED ـە و بە ڕوونی 1440p پێکسڵ و چێوەی 20:9 و خێراییەکەی 120 هێرتزە.

لە پشتەوە، خاوەن 5 دانە کامێرایە بە ڕوونییەکانی 64 (جۆری Telephoto) و 12 (جۆری Wide) و 12 مێگاپێکسڵ (جۆری Ultra Wide) و 2 دانەکەی دیکەی لە جۆری Super Res Zoom و Hybrid Optic Zoom ـە. کامێرا Super Res Zoom ـەکەی توانای هەیە 30 هێندە دیمەنەکان نزیک بکاتەوە و کامێرا سەرەکییەکەی ڤیدیۆ بە ڕوونی 8K تۆمار بکات. لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 10 مێگاپێکسڵ.

لە ناوەوە، پڕۆسێسەری Snapdragon 865 یاخود Exynos 990 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامی 8 و 12 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 128 و 512 گێگابایتییە، سوپاس بۆ دەرچەی microSD، دەتوانیت بیرگەکەی تاوەکو 1 تێرابایت زیاد بکەیت. خاوەن پاترییەکە بە توانستی 4,500 ملی ئەمپێر، هەروەها پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 25 وات. خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما و بڕوانامەی IP68 ـە بۆ بەرگری لە تۆز و ئاو.

خاوەن ڕووکاری OneUI 2.0 ـە کە لەسەر وەشانی نوێی Android 10 بنچینە کراوە. جۆری پشتگیر لە 4G و 5G ـی لێ بەردەست دەکرێت.

بە ڕەنگەکانی شینی ئاسمانی و خۆڵەمێشی و ڕەش و بە نرخی دەستپێکی 1,199$ لە ڕێکەوتی 13 ـی مانگی داهاتوودا بەردەست دەکرێت. داواکاری پێشوەختە لە ئەمڕۆوە کراوە دەبێت بۆ ئەنجامدان. ئەگەر مۆبایلەکە بە شێوەی پێشوەختە بکڕیت، بیستۆکی بێوایەری نوێی Samsung Galaxy Buds+ بە خۆڕایی بەدەست دەهێنیت.

هەرچی دەربارەی مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra ـە، کە گەورەترین و ئاست بەرزترینی نێو گالەکسییە نوێیەکانە، خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 6.9 ئینجییە لە جۆری Dynamic AMOLED و ڕوونی 1440p پێکسڵە و خێراییەکەی 120 هێرتزە.

لە پشتەوە، خاوەن 5 دانە کامێرایە بە ڕوونییەکانی 108 (لە جۆری Wide) و 48 (لە جۆری Telephoto) و 12 مێگاپێکسڵ (لە جۆری Ultra Wide) و ئەوانی دیکەی لە جۆرەکانی Super Res Zoom و Hybrid Optic Zoom ـن، کامێرا Super Resolution Zoom ـەکەی توانای هەیە 100 هێندە دیمەنەکان نزیک بکاتەوە و خاوەنی هەستەوەری OIS ـیشە، هەروەها کامێرا سەرەکییەکەی توانای هەیە ڤیدیۆکان بە ڕوونی تاوەکو 8K تۆمار بکات.

لە پێشەوە، خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 40 مێگاپێکسڵ، کە لە هەردوو جۆرەکەی دیکەی Galaxy S20 ڕوونی بەرزترە. پڕۆسێسەری Snapdragon 865 یاخود Exynos 990 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامی 16 گێگابایتە، کە بووە یەکەمین مۆبایلی جیهان بە خاوەنی ئەو فراوانییە ڕامەوە. بژاردەی ڕامی 12 گێگابایتی بەردەستە و خاوەن بیرگەی 128 و 512 گێگابایت و پاترییەکە بە توانستی 5,000 ملی ئەمپێر. مۆبایلەکە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 25 وات.

مۆبایلەکە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمایە و جۆری پشتگیر لە 4G و 5G ـی لێ بەردەست دەکرێت. خاوەن ڕووکاری OneUI 2.0 ـە کە لەسەر وەشانی نوێی Android 10 بنچینە کراوە.

مۆبایلەکە بە ڕەنگەکانی ڕەش و خۆڵەمێشی و بە نرخی دەستپێکی 1,399$ لە ڕێکەوتی 13 ـی مانگی داهاتوودا بەردەست دەکرێت. لە ئێستاوە داواکاری پێشوەختە کراوەیە بۆ ئەنجامدان. ئەگەر مۆبایلەکە بە شێوەی پێشوەختە بکڕیت، بیستۆکی بێوایەری نوێی Samsung Galaxy Buds+ بە خۆڕایی بەدەست دەهێنیت.

تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی دیکەی گالەکسییە نوێیەکان، بریتین لە هەبوونی بارگاویکەرەوەی خێرا، بارگاویکەرەوەی بێوایەر، Bluetooth 5.0، Wi-Fi 6، دەرچەی USB-C و microSD.

هۆکاری ناونانی S20 لە جیاتی S11 لە گالەکسییە نوێیەکان، بە هۆی گونجاندنی بوو لەگەڵ ساڵی 2020 ـدا.

بۆچونی تۆ