سامسۆنگ 13, شوبات 2020

بەرزترین نرخی مۆبایلی Samsung Galaxy S20 لە نرخی مۆبایلێکی چەماوەیی گرانترە

بیرتانە کاتێک لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا ئەپڵ ئایفۆنە نوێیەکانی بە نرخی 1,000$ و زیاترەوە ڕاگەیاندن و مشتومڕێکی ئێجگار زۆرێکی لەسەر کرا؟ ئێستا مۆبایلە نوێیەکانی سامسۆنگ لە نرخی ئایفۆنەکانی ئەپڵ زیاترن و تەنانەت لە نرخی مۆبایلێکی چەماوەییش زیاترن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra ـی بە تایبەتمەندی زۆر بەرزەوە ڕاگەیاندن، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی مۆبایلەکان بەرزن. نرخی مۆبایلی Samsung Galaxy S20 لە 999.99$ ـەوە دەستپێدەکات، لە کاتێکدا کە نرخی مۆبایلەکانی +S20 و S20 Ultra لە 1,199$ و 1,399$ ـەوە دەستپێدەکەن و نرخەکان بە پێی فراوانی بیرگە و ڕام زیاتر دەکەن.

چی دەربارەی بەرزترین نرخی گالەکسییە نوێیەکان؟ مۆبایلی Galaxy S20 Ultra خاوەن زۆرترین تایبەتمەندی و بەرزترین نرخە لە نێو گالەکسییە نوێیەکاندا، بە شێوەیەک کە بەرزترین نرخی مۆبایلەکە دەگاتە 1,599$. بەو نرخە، مۆبایلەکە بە ڕامی 16 گێگابایت و بیرگەی 512 گێگابایت و تایبەتمەندی زۆر بەرزەوە بەدەست دەهێنیت.

هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی گالەکسییە نوێیەکاندا، سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Flip ـیشی ڕاگەیاند، نرخی مۆبایلەکە 1,380$ ـە و لە ڕێکەوتی 14 ـی ئەم مانگەدا بەردەست دەکرێت. تەنانەت نرخی مۆبایلی چەماوەیی Razr ـی Motorola ـیش 1,499$ ـە. هێشتا نرخی مۆبایلی Galaxy S20 Ultra لە هەر دوو مۆبایلە چەماوەییەکە زیاترە!

بەڵام لە ڕووی تایبەتمەندییەکەوە، مۆبایلی Galaxy S20 Ultra بە شایەنی ئەو نرخە دەزانین، چونکە لە ئێستادا هیچکام لە مۆبایلە کارکردووەکانی ئەندرۆید، خاوەن هەمان تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەی سامسۆنگ نین.

مۆبایلی Galaxy S20 Ultra خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 865 یاخود Exynos 990 و ڕامی 12 و 16 گێگابایت و بیرگەی 128 و 512 گێگابایت و کامێرای 108 مێگاپێکسڵییە. لە ئێستادا بەردەستە بۆ کڕین بە شێوەی پێشوەختە و لە ڕێکەوتی 13 ـی مانگی داهاتوودا بەردەست دەکرێت. بیستۆکی بێوایەری +Samsung Galaxy Buds لە کاتی کڕینی مۆبایلەکە بە شێوەی پێشوەختە بوونی دەبێت بە خۆڕایی.

بۆچونی تۆ