ئامێرە هەمەجۆرەکان
11, شوبات 2020
سامسۆنگ بیستۆکی بێوایەری +Samsung Galaxy Buds ـی بە پاترییەکی باشتر و نرخی 149$ ـەوە ڕاگەیاند

لە پاڵ ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra و Z Flip ـدا، سامسۆنگ بیستۆکی بێوایەری +Samsung Galaxy Buds ـیشی بە پاترییەکی باشتر و نرخی 149$ ـەوە لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Unpacked 2020 ـدا ڕاگەیاند.
بیستۆکی بێوایەری نوێی +Samsung Galaxy Buds، دووەمین نەوەی زنجیرەی Galaxy Buds ـە. دیزاینی دەقاودەق هاوشێوەی دیزاینی نەوەی یەکەمە و گۆڕانکارییەکی وەهای تێدا نەکراوە. خاوەن بڵندگۆی 2 ڕێگەیی دەنگ گەورەکەرە لە جۆری AKG. بیستۆکەکە خاوەن تایبەتمەندی کەمکردنەوەی ژاوەژاو نییە، هەرچەندە خاوەن 3 دانە وەرگر (مایک) ـە بۆ کارپێکردنی تایبەتمەندییەکە و چاوەڕوان دەکرا خاوەن تایبەتمەندییەکە ببێت.

ئەوەی ناوازەیە، پاترییەکەیەتی، کە توانستی لە 58 ملی ئەمپێرەوە زیاد کراوە بۆ 85 ملی ئەمپێر، بەمەش بەرگەی 11 کاتژمێر لە بەکارهێنانی بەردەوام دەگرێت و بەرگەکەشی 22 کاتژمێری زیاتر وزەی پێ دەبەخشێت. بە تەنها بارگاویکردنەوەی بیستۆکەکان لە ڕێگەی دەرچەی USB-C ـەوە بۆ ماوەی 3 خولەک، دەتوانیت بۆ یەک کاتژمێر کار بە بیستۆکەکان بکەیت. هاوکات بەرگەکەی پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێوایەر دەکات.

بیستۆکەکە خاوەن جوڵەیەکی نوێیە بۆ کردنەوەی ئەپی Spotify، ئەویش بە گوشار کردن و بردنە چەپی دەست لەسەر بیستۆکەکان.
نرخی بیستۆکی بێوایەری +Samsung Galaxy Buds بە نرخی 149$ و بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی و شین و سوورەوە لە ڕێکەوتی 14 ـی ئەم مانگەدا بەردەست دەبێت بۆ کڕین. بیستۆکەکە لەگەڵ مۆبایلەکانی Galaxy S20 ـدا بوونی دەبێت لە کاتی کڕینی پێشوەختەیان.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.