سامسۆنگ 11, شوبات 2020

سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی Samsung Z Flip ـی بە پڕۆسێسەری +Snapdragon 855 و نرخی دەستپێکی 1,380$ ـەوە ڕاگەیاند

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Unpacked 2020 ـدا، کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی Samsung Z Flip ـی بە پڕۆسێسەری +Snapdragon 855 و نرخی دەستپێکی 1,380$ ـەوە ڕاگەیاند.

دیزاینی ئەم مۆبایلە زۆر جیاوازە بە بەراورد بە مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Fold، ڕوونمای مۆبایلەکە بەرەو سەرەوە دەچەمێتەوە نەوەک بە لای ڕاست و چەپدا، بەڵام زۆر نزیکە لە دیزاینی مۆبایلی چەماوەیی نوێی Motorola Razr.

خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.7 ئینج لە جۆری OLED و بە وردی نیشاندانی 1080 بە 2636 پێکسڵ و چێوەی 22:9. شووشەی ڕوونماکەی لە جۆری Ultra Thin Glass ـە، کە کەمتر شوخت لە خۆ دەگرێت و کەمتر تێکدەچێت. لە پشتەوەش، خاوەن ڕوونمایەکی بچکۆلانەی 1.1 ئینجی AMOLED ـە کە کاتژمێر نیشان دەدات و چەند کردارێکی وەکو وەڵامدانەوەی پەیوەندی لە ڕێگەیەوە ئەنجام دەدرێت.

لە پشتەوە خاوەن 2 دانە کامێرایە بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ لە جۆرەکانی Wide Angle و Ultrawide، لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 10 مێگاپێکسڵ. تایبەتمەندی Hyperlapse یارمەتی کامێراکانی پشتەوەی دەدات وێنە لە دۆخە تاریکییە کەمەکاندا بچرکێنن.

بە هۆی تایبەتمەندی Flex mode ـەوە، ڕوونما 6.7 ئینجییەکەی مۆبایلەکە لە کاتی نیمچە چەمانەوەدا، دەکات بە 2 دانە ڕوونمای 4 ئینجی و ئەپەکانی لەگەڵدا دەگونجێنێت.

پڕۆسێسەری +Snapdragon 855 ـی 8 ناوەکی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 256 گێگابایت لە جۆری UFS 3.0 و پاترییەکە بە توانستی 3,300 ملی ئەمپێر و توانای بارگاویکردنەوەی 15 واتە. بەداخەوە، پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G ناکات. کێشی تەنها 183 گرامە.

خاوەن بڵندگۆی AKG ـە و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات، هەروەها لە نێو پاکەتدا وەشانی Android 10 ـی لەسەر جێگیر دەبێت.

مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Flip بە نرخی 1,380$ بە ڕەنگەکانی ڕەش و پەمەیی و ئاڵتونی لە ڕێکەوتی 14 ـی ئەم مانگەدا لە ئەمریکا و کۆریا بەردەست دەبێت بۆ کڕین.

بۆچونی تۆ