سامسۆنگ 17, شوبات 2020

تاقیکردنەوەیەکی خۆڕاگری مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Flip پرسیار لەسەر ڕوونما شووشەییەکەی درووست دەکات

ئەو بەشەی کە سامسۆنگ بە تەواوی شانازی پێوە دەکرد لە کاتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Flip ـدا، هەبوونی ڕوونمای شووشەیی جۆری Ultra Thin Glass بوو، کە دەیگوت یەکەمین مۆبایلی چەماوەییە خاوەن ڕوونمایەکی شووشەیی ببێت. بەڵام ئێستا تووشی گومان بووین.

تاوەکو بەر لە ڕاگەیاندنی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Flip، مۆبایلە چەماوەییەکان ڕوونمای پلاستیکیان بۆ بەکاردەهێندرا، کە خاوەن کۆمەڵێک کێشە بوو و بە ئاسانی شووختی دەگرت. بەڵام لە Galaxy Z Flip ـدا ئەمە گۆڕا و بۆ یەکەمجار ڕوونمای جۆری شووشە بۆ مۆبایلێکی چەماوەیی بەکارهێندرا. وا دیارە هێشتا ڕوونما شووشەییەکەی Galaxy Z Flip چارەسەری کێشەکانی نەکردووە.

لە تاقیکردنەوەی خۆڕاگریدا بۆ مۆبایلی Galaxy Z Flip لە لایەن یوتیوبەر JerryRigEverything ـەوە، ئاستی خۆڕاگری مۆبایلە چەماوەییەکەی سامسۆنگمان بۆ ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەنجامەکە خۆشحاڵکەر نییە.

لە ڤیدیۆکەی JerryRigEverything ـدا، هەر لە سەرەتادا ڕوونما شووشەییەکەی Galaxy Z Flip دەست دەخات بە شووخت گرتنێکی ئێجگار زۆر و دیار. ئەگەر پێشووتر سەیری ڤیدیۆکانی JerryRigEverything ـت کردبێت، تێبینیت دەکرد کە زۆرینەی مۆبایلەکان لە قۆناغی 6 و 7 ـی تاقیکردنەوەکان تووشی تێکچوون دەبوون. بەڵام لە قۆناغی 2 و 3 ـی ڤیدیۆکەدا، نیشانەکانی تێکچوون لە مۆبایلی Galaxy Z Flip ـدا بەدی دەکران. وە لە کۆتایدا، پەڵە و هێڵ لەسەر ڕوونما OLED ـەکەی مۆبایلە پەیدا دەبێت و بێکەڵ دەبێت.

Nelson لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا دەڵێت، هیچ دەرناکەوێت کە ڕوونمای مۆبایلەکە دژە شووخت بێت و تێبینی شکاندنی شووشەی ڕوونماکەشی نەکرد.

بە هەرحاڵ، ڤیدیۆکە لە سەرەوەیە و دەتوانیت سەیری بکەیت بۆ ئاشکرابوونی ئاستی خۆڕاگری مۆبایلە چەماوەییەکە. بەڵام لە بیری مەکە، کە کڕینی مۆبایلە چەماوەییەکان بیرۆکەیەکی باش نییە لە ئێستادا.

بۆچونی تۆ