سامسۆنگ
12, شوبات 2020
مۆبایلی Samsung Galaxy Z Flip یەکەمین مۆبایلی چەماوەییە بە هەبوونی ڕوونمای شووشەییەوە

لە پاڵ ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra لە دوێنێدا، سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Z Flip ـیشی ڕاگەیاند، جیاوازتر لە هەموو مۆبایلە چەماوەییەکانی ڕابردوو.
ناوازەترین بەشی مۆبایلە چەماوەییەکە (کە بەر لە ڕاگەیاندنی دەمانزانی)، جۆری ڕوونماکەیەتی، کە شووشەیە و لە جۆری Ultra Thin Glass ـە، بەمەش بووە یەکەمین مۆبایلی چەماوەیی بە هەبوونی ڕوونمای شووشەییەوە. لە کاتێکدا کە ڕوونمای مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold پلاستیک بوو و شووشە نەبوو، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی ڕوونمای مۆبایلەکە ڕووبەڕووی تێکچوون و کێشەی زۆر ببێتەوە. سامسۆنگ دەڵێت ڕوونمای ئەم مۆبایلە چەماوەییە بە ڕادەیەک خۆڕاگرە، کە بەرگەی 200,000 جار لە چەماندنەوە دەگرێت.
سامسۆنگ دەڵێت ڕوونما شووشەییەکەی مۆبایلە چەماوەییەکە بە تەواوەتی خۆماڵییە و لە لایەن خۆیەوە لە نیشتیمان، کۆریای باشوور درووست کراوە.
لە ڕاستیدا، مۆبایلێکی چەماوەیی کە خاوەن ڕوونمایەکی شووشەیی ببێت، بە تەواوی ناوازەیە. بەڵام هێشتا تەکنەلۆژیاکە لاوە و ڕەنگە لە داهاتوودا خاڵە لاوازەکانی بەدیار بکەون، بە پێی کات باشتر دەکرێت.
ڕوون نییە کە ئەم جۆرە ڕوونمایەی مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Z Flip چارەسەری ئەو کێشانە دەکات کە ڕوونمای مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold لە ڕابردوودا دووچاری ببووە یاخود نا، بەڵام ئێمە هیوامان پێیەتی.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.