ئەپڵ 18, شوبات 2020

ئەپڵ: داهاتی چارەکی دووەمی ئەمساڵمان زۆر کەم دەکات

ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە زیانێکی زۆر بە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای جیهانی و دەرەوەی چین دەگەیەنێت، ئەپڵیش یەکێکە لەو زەرەرمەندانە.

کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانێکی زۆر بە کۆمپانیاکە دەگەیەنێت و پێشبینی دەکەن کە داهاتیان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا زۆر کەم بکات. ئەویش بە هۆی ئەوەی کە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە چینییەکان بەرهەمهێنانی ئایفۆنیان سنووردار کردووە. لە پاڵ ئەمە، ئەپڵ دەڵێت کۆگا داخراوەکانیان لە چین و هاموشۆی هاوردەکردنیان لە چینەوە بەشێک دەبن لە زیان گەیەنەر بە داهاتی چارەکی دووەمی ئەمساڵی کۆمپانیاکە.

هەرچەندە سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئەپڵ لە چین دەستیان کردۆتەوە بە کارکردن، بەڵام کارەکان بە هێواشی بەڕێوەدەچن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆکاری بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی کەمتر لە چاوەڕوانکراوی ئایفۆنەکان.

تاوەکو ئێستا چارەنووسی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی دیکەی ئەپڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نادیارە. پێگەی Bloomberg گوتبووی کە ئەپڵ لە مانگی داهاتوودا iPhone 9 بە نرخی 400$ و iPad Pro بە کامێرایەکی باشترەوە نمایش دەکات، بەڵام ڕاپۆرتەکەی Bloomberg پێشبینی گۆڕینی پلانی لە لایەن ئەپڵەوە نەکردبوو، تەنها پێشبینی دواخستن و سنووردارکردنی کردبوو.

داهاتی دارایی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی ئەپڵ ژمارەی مێژوویی خودی کۆمپانیاکەی شکاندبوو و گەیشتبووە بەرزترین داهات، بەڵام هەر وەک کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات، وا دیار نییە داهاتی ئەم چارەکەی ئەمساڵی ئەپڵ لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خۆی بێت.

هەروەها ئەپڵ گوتی کە هاوکارییەکانی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین دەکات بە دوو ئەوەندە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ