ئای ئۆ ئێس 20, شوبات 2020

ڕەنگە ئەپڵ ئەپەکانی وەک Chrome و Gmail بکاتە ئەپی سەرەکی لە سیستەمی iOS

پێدەچێت ئەپڵ گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە پێویست دەکات ژمارەیەک ئەپی دەرەکی بخاتە ڕیزی ئەپە سەرەکییەکانی سیستەمی iOS ـەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Bloomberg بێت، ئەپڵ کار لەسەر زیادکردنی ژمارەیەک ئەپی وێبگەڕ و ئیمەیڵ دەکات بۆ سیستەمی iOS وەکو ئەپی سەرەکی، هەروەها ئەپڵ دەیەوێت خزمەتگوزاری لایەنی سێیەمینی Spotify ـیش بکات بە ئەپێکی سەرەکی لە بڵندگۆکانی HomePod ـدا. ئەو ئەپانەی کە پێدەچێت ئەپڵ بیانکات بە ئەپی سەرەکی، هەریەکە لە ئەپەکانی Chrome و Gmail ـی گووگڵ یاخود هاوشێوەکانیان دەبن.

هەروەها Bloomberg وتوویەتی کە پێشبینی دەکرێت ئەپڵ لە وەشانی iOS 14 ـەدا ئەو ئەپە لایەنە سێیەمینییانە بکاتە ئەپی سەرەکی سیستەمەکە و Spotify ـیش لە ڕێگەی نوێکارییەکەوە بۆ HomePod زیاد بکات. ئەپە سەرەکییەکان بریتین لەو ئەپانەی کە لە کاتی کڕین، یاخود فۆڕمات کردنەوەی مۆبایلەکاندا بە بێ داگرتن بوونیان هەن.

هەر سەبارەت بە ئەپەکانی تایبەت وێبگەڕ و ئیمەیڵەکان، Bloomberg دەڵێت ئەپڵ پێشووتر ئامادەکاری کردبوو تاوەکو لە ڕێگەی یاریدەدەری دەنگی Siri ـییەوە فەرمان بە ناردنی نامەکان لە ڕێگەی ئەپە لایەنە سێیەمینییەکان بکرێت، بەو مانایەی کە پێویست ناکات ناوی ئەپەکە بە Siri بڵێیت و خودکارانە فرمانەکەت بۆ جێبەجێ دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە بۆ Siri زیاد نەکراوە.

لە ئێستادا ئەپڵ 38 ئەپی سەرەکی لە ئایفۆن و ئایپادەکاندا جێگیر کردووە، کە هەندێکیان تەنانەت کرداری زۆر کەمیش دەکەن، بەڵام لەسەر سەدان ملیۆن ئامێری کارکردووی iOS ـدا جێگیر کراون. ئەپڵ پێشووتر گوتبووی ئەو ئەپە سەرەکییانە ئەزموونی مەزن دەدەنە بەکارهێنەر لە کاتی بەدەستهێنانی ئامێرە کارکردووەکانی iOS ـدا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ