ئەپڵ 7, ئازار 2020

ئەپڵ و گووگڵ قبوڵکردنی ئەپە پەیوەندیدارەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆگاکانیان ڕەت دەکەنەوە

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی CNBC بێت، هەردوو کۆمپانیاکانی ئەپڵ و گووگڵ ئەو ئەپانە لە کۆگاکانیاندا دەسڕنەوە یاخود قبوڵیان ناکەن کە پەیوەندار بن بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە مەبەستی لەناوبردنی زانیارییە نادرووستەکان.

ژمارەیەک گەشەپێدەری ئەپ ڕایانگەیاندووە کە کۆمپانیای ئەپڵ قبوڵکردنی هەموو ئەو ئەپانەی کۆگای App Store ڕەت دەکاتەوە ئەگەر پەیوەندیدار ببن بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە یاخود لە لایەن حکومەت و ڕێکخراوە تەندرووستییە ناسراوەکانەوە نەبن.

هەروەها CNBC گوتوویەتی، کە گووگڵیش هاوشانی ئەپڵ لە هەڵمەتەکەدا بەژدارە و هیچ ئەنجامێک بۆ گەڕانی وشە پەیوەندیدارەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەشی گەڕانەکانی کۆگای Google Play نیشان نادات، بەڵام هێشتا دیار نییە کە گووگڵ قبووڵکردنی ئەپی لەو چەشنە ڕەتدەکاتەوە یاخود نا.

لە ئێستادا، ژمارەیەک ئەپ لە کۆگای App Store ـدا بوونیان هەن کە پەیوەندارن بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لەوانە ئەپێکی پێوانەکردنی ڤایرۆس لە لایەن کۆمپانیایەک بە ناوی Healthlynked، ئەپێکی تایبەت بە COVID-19 لە لایەن کۆمپانیای تەندرووستی Unbound و ئەپێکی تایبەت بە زانیارییەکانی ڤایرۆسەکە لە لایەن حکومەتی بەڕازیلەوە.

سەبارەت بە Android، گووگڵ تەنها ئەنجامەکانی بەشی گەڕانی لە کۆگای سیستەمەکەدا سنووردار کردووە و وا دەرناکەوێت هیچ ئەپێکی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسەکە لە کۆگاکەدا بوونی هەبێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ