10
ئەپ و نەرمەکاڵا 23, شوبات 2020

گووگڵ داوا لە بەکارهێنەرانی مۆبایلە نوێیەکانی هواوەی دەکات تاوەکو بە شێوەی نافەرمی ئەپەکانی گووگڵ دانەگرن

هەر وەک دەزانین، نوێترین مۆبایلەکانی هواوەی، وەک مۆبایلی Huawei Mate 30 Pro، بە نەبوونی ئەپە سەرەکییەکانی گووگڵەوە بەردەست کرا، ئەمەش بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی گووگڵ بەو ئەپەکانە بە کۆمپانیای هواوەی بە هۆی سزاکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیا چینییەکە.

بە هەرحاڵ، بە ڕێگەی نافەرمی و نایاسایی دەتوانرێت کۆگای گووگڵ پلەی و ئەپە فەرمییەکانی دیکەی گووگڵ بۆ ئەو مۆبایلانەی هواوەی دابگیرێن کە خاوەن ئەو ئەپانە نین، گووگڵ بۆ یەکەمجار لەسەر ئەم ڕێگە نایاساییە لێدوانی دا.

گووگڵ لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە کە بە هۆی سزاکانی حکومەتی ئەمریکاوە، گووگڵ سنووردار کراوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای هواوەی چینیدا و مۆبایلە نوێیەکانی کۆمپانیا چینییەکە خاوەن ئەپە سەرەکییەکانی گووگڵی وەک Play Store و YouTube و Maps و Gmail و ئەوانی دیکە نابن. کۆمپانیاکە هۆشیاری بە بەکارهێنەرانی مۆبایلە نوێیەکانی کۆمپانیای هواوەی دەدات تاوەکو هەوڵی بەکارهێنانی ئەپە سەرەکییەکانی گووگڵ نەدەن، لەبەر ئەوەی گووگڵ گرەنتی پارێزراوی ئەو بەکارهێنەرانە ناکات و ڕەنگە ڕووبەڕووی ڤایرۆس و هێرشە ئەلیکرۆنییەکان ببنەوە لە هەر کاتێکدا.

گووگڵ هەمیشە لە هەوڵی پارێزگاریکردنی ئەپە فەرمییەکانی خۆی بووە بۆ بەکارنەهێنانیان بە شێوەیەکی نایاسایی و بێ مۆڵەت، بەڵام شارەزایان هەمیشە ڕێگایەک دەدۆزنەوە بۆ بەکارهێنانی ئەپەکانی گووگڵ.

هەرچی دەربارەی مۆبایلە کۆنەکانی هواوەییە، ئەو مۆبایلانەی کە بەر لە ڕێکەوتی 16 ـی 5 ـی 2019 بەردەست کراون، گووگڵ بە بەردەوامی نوێکاری ئەپە فەرمییەکانی خۆیانی بۆ ڕەوانە دەکات و لە ڕووی ئاسایشییەوە پارێزراو دەبن.

بۆ زانینی ئەوەی کە ئاخۆ مۆبایلەکەت خاوەن مۆڵەتی فەرمی گووگڵە بۆ بەکارهێنانی ئەپە سەرەکییەکانی گووگڵ، لە ئەپی Google Play Store بەشی Menu بکەرەوە و کرتە لە Settings بکە، لە پاشان لە خوارەوە نووسینی “Play Protect certification” دەبینیت ئەگەر مۆبایلەکەت خاوەن مۆڵەتی گووگڵ بێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ