بیروڕا 2, شوبات 2026

ئەو مۆبایلەی ڕیەلمی کە لایەنە خەراپەکانی لایەنە باشەکانی شەرمەزارکردووە

زۆر جار کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی مۆبایل هەوڵ دەدەن بە یەک یان دوو تایبەتمەندیی گەورە بەرچاومان بگرن، تا ئەو کێشە و کەموکوڕییە کوشندانە نەبینین کە لە مۆبایلەکەدا هەن. مۆبایلی realme C85 نوێترین نموونەی ئەم فێڵە بازرگانییەیە؛ مۆبایلێک کە تەنها لەسەر کاغەز و لە ڕیکلامەکاندا “بەهێز” دەردەکەوێت، بەڵام لە واقیعدا خەرییکە ناوبانگی ڕیەلمی لەکەدار دەکات.

فێڵی گەورە لە ڕوونما و خێراییدا

کاتێک دەبیستیت ڕوونمای مۆبایلێک 144Hzـە، یەکسەر بیرت بۆ مۆبایلە ئاستبەرزەکان دەچێت. بەڵام ڕیەلمی لێرەدا فێڵێکی گەورەی کردووە؛ ئەم ڕوونما خێرایەی لەسەر کوالێتییەکی زۆر نزم داناوە کە تەنها +HDـە. شاشەیەکی ٦.٨ ئینجی بەو قەبارە گەورەیە و بەو ڕوونییە کەمە، واتا بینینی پیکسڵەکان بە چاوی ئاسایی! پاشان، ڕوونمایەک ١٤٤ جار لە چرکەیەکدا وێنە بگۆڕێت چ سوودێکی هەیە کاتێک پڕۆسێسەری مۆبایلەکە (Snapdragon 685) ئەوەندە لاوازە کە ناتوانێت ئەو خێراییە بە جێگیری ڕابگرێت؟

پاترییەکی زەبەلاح یان کێشەیەکی گەورە؟

خاڵی هەرە بەهێزی ئەم مۆبایلە پاترییە ٧٠٠٠ میلی ئەمپێرییەکەیەتی. بەڵێ، ئەمە باشە، بەڵام بە چ نرخێک؟ ئەم پاترییە وای کردووە کێشی مۆبایلەکە بگاتە زیاتر لە ٢١٥ گرام، کە هەڵگرتنی لە گیرفاندا وەک ئەوە وایە “پارچە خشتێک”ت پێ بێت. جگە لەوەش، هێشتا بارگاویکەرەوەی ٤٥ واتی بۆ بەکارهێنراوە، کە بۆ پاترییەکی بەو قەبارەیە، کاتێکی زۆری دەوێت تا پڕ دەبێتەوە.

تەکنەلۆژیای کۆن لە بەرگێکی نوێدا

ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانییە، بەکارهێنانی بیرگەی جۆری eMMC 5.1 یان UFS 2.2ـە. لە ساڵی ٢٠٢٦دا بەکارهێنانی ئەم جۆرە بیرگە هێواشانە واتا مۆبایلەکە دوای چەند مانگێک لە بەکارهێنان، تووشی سستی و “لاگ” دەبێت، هەرچەندە ڕامەکەشی بگاتە ٢٤ گێگابایت (کە زۆربەی وەهمییە Virtualـە و تەنها ژمارەیە).

ڕیەڵمی لە C85ـدا هەوڵی داوە بە پاترییەکی گەورە و ڕوونمایەکی ١٤٤ هێرتزی، شکستی خۆی لە دابینکردنی پڕۆسێسەرێکی باش و ڕوونمایەکی ڕوون و کێشێکی گونجاو بشارێتەوە. ئەمە مۆبایلێکە کە تەنها بۆ ڕیکلام گونجاوە، نەک بۆ بەکارهێنانی ڕاستەقینە. وەک نووسەرێکی تەکنەلۆژیا، ئامۆژگاریتان دەکەم: مەبنە قوربانی ژمارە گەورەکان، چونکە لایەنە خەراپەکانی ئەم مۆبایلە، هەموو لایەنە باشەکانیان شەرمەزار کردووە.

تاگەکان Opinion realmeC85
بۆچونی تۆ