گووگڵ 28, شوبات 2020

خزمەتگوزاری Google Translate توانای هەیە ڕستەکان لە کوردیی سۆرانییەوە وەربگێڕێتە سەر ئینگلیزی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمپانیای گووگڵ 5 زمانی نوێی بۆ خزمەتگوزاری وەرگێڕانی Google Translate زیادکرد، کە بریتی بوون لە زمانەکانی ئۆدیا، تەتەر، تورکمان و یوغور. بەداخەوە، ئەمجارەش نەمانبینی کە زمانی کوردیی سۆرانی (کوردی ناوەندی) بۆ خزمەتگوزارییەکە زیاد بکرێت، بەڵام هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوونی هەیە.

بەڕێز سەرچیا خورشید تێبینی هەبوونی هەڵەیەکی سەیری کرد لە دوای زیادکردنی ئەو 5 زمانە نوێیەوە بۆ خزمەتگوزارییەکە، ئەویش ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکە توانای هەیە ڕستە کوردییە سۆرانییەکان بە شێوەیەکی زۆر باش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی زمانی یوغور (Uyghur) ـەوە وەربگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. گومانی تێدا نییە کە ئەمە بە هەڵە ڕوویداوە و پێدەچێت زانیارییەکان تێکەڵ بووبێتن، بەڵام ئەمە موژدەی نزیکبوونەوەی زیادکردنی زمانی کوردیی سۆرانیمان دەداتێ بۆ خزمەتگوزارییەکە و دوور نییە لە چەند هەفتەی داهاتوودا زمانەکەمان بۆ خزمەتگوزارییەکە زیاد بکرێت.

بۆ چۆنیەتی وەرگێڕانی ڕستەکان لە کوردیی سۆرانی بۆ ئینگلیزی لە نێو Google Translate ـدا، پێویستە بگەڕێیت بۆ زمانی Uyghur و هەڵیبژێریت و لە بەرانبەرەکەیدا زمانی ئینگلیزی هەڵبژێریت، ئینجا دەتوانیت دەست بە نووسینی ڕستە کوردییەکان بکەیت تاوەکو خزمەتگوزارییەکە بۆت وەربگێڕێتە سەر ئینگلیزی. ئێمە ئەم دوو ڕستە کوردییە سۆرانییەمان نووسیوە، خزمەتگوزارییەکە بە کەمترین هەڵە بۆی وەرگێڕاوینەتە سەر زمانی ئینگلیزی.

وەرگێڕانی ڕستەکان لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردیی سۆرانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئەو زمانەوە، کار ناکات. ئەمەش نیشانەی تێکەڵبوونی زانیارییەکانە. هەروەها ئەو زمانە تەنها توانای وەرگێڕانی ڕستە کوردییە سۆرانییەکانی هەیە بۆ ئینگلیزی و وەرگێڕانی ڕستە کوردییە سۆرانییەکان بۆ زمانەکانی دیکە بە شێوەیەکی باش کار ناکات.

دەتوانیت لێرەوە یاخود لە ئەپی Google Translate ـەوە بۆ iOS و Android بەو شێوازە ڕستە کوردییە سۆرانییەکان وەربگێڕیتە سەر ئینگلیزی تا ئەو کاتەی گووگڵ ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات و زمانی کوردیی سۆرانی بۆ خزمەتگوزارییەکە زیاد دەکات.

لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ گووگڵ سەبارەت بەو هەڵەیە و هۆکاری زیادنەکردنی زمانی کوردیی سۆرانی بۆ Google Translate.

سوپاس، سەرچیا!

بۆچونی تۆ