شاومی 3, ئازار 2020

مۆبایلی Black Shark 3 بە دوو مۆدێلەوە بە تایبەتمەندی بەرزی یاریکردنەوە نمایشکرا

ئەمڕۆ بلاک شاڕک جیاواز لە جارانی پێشوو، کە تەنها یەک مۆبایلی ڕادەگەیاند، بە دوو جۆری جیاواز زنجیرەی سێیەمی بە ناوەکانی Black Shark 3 و Black Shark 3 Pro نمایشکرد.

لە ڕووی دیزاینەوە، ئەم زنجیرەیەش بە هەمان شێوەی نەوەکانی پێشتر لەسەر هەمان دیزاین ڕۆیشتووە کە شێوەیەکی پیتی Xـی ئینگلیزییە لەسەر ڕووی پشتەوەی، بەڵام کامێراکەی ئەم جارە لەسەر پشتەوەی شێوەی سێ گۆشەی وەرگرتووە و لە 3 دانە پێک دێت. هەروەک بۆ ئەوەی چوونیەکیش هەبێت، سێ گۆشەیەکی هەمان شێوەی سەرەوە لە خوارەوە داندراوە و لۆگۆی کۆمپانیای تێنست و 5G داندراوە. ئەمەش ئاماژەیە کە بلاک شارک هەماهەنگی لەگەڵ تێنسنت پێکهێناوە بۆ پێشکەشکردنی ئەزموونێکی نایابتری یاریکردن لەسەر مۆبایلەکانی، بە شێوەیەک کە مۆبایلەکە خاوەن بزوێنەری SolarCore Gaming Acceleration Engine کۆمپانیای تێنسنتە لەگەڵ بوونی بزوێنەری تایبەتی یاریکردنی بلاک شاڕکیش خۆی.

هەروەکو ئاماژەم پێدا سێ کامێرا لەسەر پشتەوەی هەیە، کە یەکێکیان سەرەکییە و دووەمیان جۆری گۆشە فراوانی زۆرە و لەگەڵ هەستەوەرێکی Depth. هەردوو مۆدێلەکە خاوەن دەرچەی Audio Jack 3.5mm و خاوەنی جۆرێک لە بارگاویکردنەوەن کە بە شێوەی موگناتیسی دەلکێت بە پشتەوەی و تا 18 وات پشتگیری دەکات.

لە ڕاستیدا، گەورەترین و دیارترین جیاوازی نێوان دوو مۆدێلەکە بریتییە لە بوونی دوو دوگمە لەسەر لای ڕاستی جۆری Pro، کە لە جۆرە ئاساییەکەی بوونیان نییە. کاری ئەم دوگمانەش بۆ یارییەکانی وەکو پەبجی و هاوشێوەکانیەتی.

شایەنی باسە، بلاک شاڕک لە ناوەوەی مۆبایلەکان شێوەی دووانە پاتری بەکارهێناوە بە بوونی Motherboardـێکی 116 ملی مەتری لە نێوانیاندا. ئەمەش بۆ ئەوەی پارچەکانی وەکو CPU و مۆدێمی 5G لە یەکتر دووربکاتەوە تا گەرمبوونیان کاریگەریان لەسەر یەکتری دروست نەکات.

تایبەتمەندییەکانی Black Shark 3

  • خاوەن ڕوونمایەکی 6.67 ئینجی جۆری ئەمۆلێدە بە بوونی 270Hz touch sampling rate و تێکڕای نوێبوونەوەی 90 هێرتزەوە.
  • پڕۆسێسەری سناپدراگۆن 865
  • ڕامی 12 گێگابایتە لە جۆری LPDDR5
  • بیرگەی جۆری 256 گێگابایت لە جۆری UFS3.0
  • پشتگیری لە ڕایەڵەی 5 جی دەکات
  • پشتگیری لە Wi-Fi 6 دەکات
  • خاوەنی سیستەمی ساردکەرەوەی Sandwich Cooling system ـە
  • خاوەنی تایبەتمەندی کۆنتڕۆڵکردنە لە ڕێگەی دەنگەوە بۆ ئەوەی بتوانیت لە کاتی یاریکردن لە ڕێگەی دەنگەوە ئەرکەکان جێبەجێ بکەیت.
  • کامێرای پشتەوە: 64 مێگاپێکسڵ سەرەکی + 13 مێگاپێکسڵ گۆشە فراوانی زۆر + 5 مێگاپێکسڵ هەستەوەری Depth
  • پاتری 4720 ملی ئەمپێرە بە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرای 65 واتی کە بە 38 خولەک لە 0 دەگاتە %100

تایبەتمەندییەکانی Black Shark 3  Pro

  • خاوەن ڕوونمایەکی 7.1 ئینجی جۆری ئەمۆلێدە بە ڕوونی Quad HD+ 3120 x 1440p و بوونی 270Hz touch sampling rate و تێکڕای نوێبوونەوەی 90 هێرتزەوە.
  • پڕۆسێسەری سناپدراگۆن 865
  • ڕامی 12 گێگابایتە لە جۆری LPDDR5
  • بیرگەی جۆری 256 گێگابایت لە جۆری UFS3.0
  • پشتگیری لە ڕایەڵەی 5 جی دەکات
  • پشتگیری لە Wi-Fi 6 دەکات
  • خاوەن دوگمەی تایبەتە بۆ یاریکردن لەسەر لای ڕاستی و دوگمەکان بەرگەی زیاتر لە 1 ملیۆن جار داگرتن دەگرن.
  • خاوەنی سیستەمی ساردکەرەوەی Sandwich Cooling system ـە
  • خاوەنی تایبەتمەندی کۆنتڕۆڵکردنە لە ڕێگەی دەنگەوە بۆ ئەوەی بتوانیت لە کاتی یاریکردن لە ڕێگەی دەنگەوە ئەرکەکان جێبەجێ بکەیت.
  • کامێرای پشتەوە: 64 مێگاپێکسڵ سەرەکی + 13 مێگاپێکسڵ گۆشە فراوانی زۆر + 5 مێگاپێکسڵ هەستەوەری Depth
  • پاتری 5000 ملی ئەمپێرە بە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرای 65 واتی کە بە 38 خولەک لە 0 دەگاتە %100

نرخ و بەردەستەبوونی هەردوو مۆدێلەکە:

جۆری Black Shark 3 Pro نرخەکانی بەم شێوەیە دەبن:

  • بۆ جۆری 8GB RAM + 256GB بریتی دەبێت لە $674
  • بۆ جۆری 12GB RAM + 256GB بریتی دەبێت لە $717

جۆری Black Shark 3 نرخەکانی بەم شێوەیە دەبن:

  • بۆ جۆری 8GB RAM + 128GB ROM بریتی دەبێت $502
  • بۆ جۆری 12GB RAM + 128GB ROM بریتی دەبێت لە $545
  • بۆ جۆری 12GB RAM + 256GB ROM بریتی دەبێت لە $573

جۆری ئاسایی Black Shark 3 لە ڕێکەوی 6-3 فرۆشی دەست پێدەکات، بەڵام جۆری Pro لە 17-3 لە چین دەکەوێتە بازاڕەوە.

بۆچونی تۆ