ئامێرە هەمەجۆرەکان 3, ئازار 2020

ڕێکەوتی بەردەستکردن و دیزاینی کاتژمێری زیرەکی Oppo Watch ئاشکرا کرا

پێشتر دەمانزانی کە کۆمپانیای Oppo نیازی وایە دیزاینی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بۆ نوێترین کاتژمێری زیرەکی خۆی بەکاربهێنێت. دواجار کۆمپانیاکە ڕێکەوتی بەردەستکردن و دیزاینی کاتژمێرە زیرەکەکەی بۆ ئاشکرا کردین.

لە بڵاوکراوەیەکدا، کۆمپانیای Oppo پۆستەری کاتژمێری زیرەکی نوێی Oppo Watch ـی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ڕێکەوتی بەردەستکردن و دیزاینی کاتژمێرەکەی ئاشکرا کردووە. بڵاوکراوەکە دەڵێت کاتژمێری زیرەکی نوێی Oppo Watch لە ڕێکەوتی 6 ـی ئەم مانگەدا لە سەرجەم بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست دەکرێت.

لە دیزایدا، بە ئەستەم جیاوازی پێ دەکرێت لەگەڵ دواین نەوەی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـی کۆمپانیای ئەپڵدا، بەڵام وا دیارە ئەم کاتژمێرەی Oppo خاوەن دوگمەی خولاوە نابێت و دوگمەکانی تەخت دەبن.

بە پێی بڵاوکراوەکە بێت، کاتژمێرە زیرەکەکە بە ڕەنگەکانی ڕەش و ئاڵتونییەوە بەردەست دەکرێت، هەروەها پێشتر دەنگۆکان دەیانگوت کە بە سیستەمی Wear OS ـی کۆمپانیای گووگڵ کار دەکات.

ڕێکەوتی بەردەستکردنی کاتژمێری زیرەکی Oppo Watch هاوکاتە لەگەڵ ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی Oppo Find X2.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ