ژیری دەستکرد AI
28, تەممووز 2025
وێبگەڕی Microsoft Edge دەبێت بە وێبگەڕێکی زیرەکی دەستکرد بەهۆی ئەم دۆخە نوێیەوە

مایکرۆسۆفت دەستی کردووە بە تاقیکردنەوەی دۆخی Copilot لە ناو وێبگەڕی Microsoft Edge. ئەم دۆخە بە زیرەکی دەستکرد بەهێز کراوە و دەتوانێت لە نێو هەموو تابە کراوەکاندا بگەڕێت و چەند ئەرکێکی وەک تۆمار کردنی ناو لە هۆتێل و ڕێستۆرانت ئەنجام بدات و چاتبۆتی Copilot ـیش ڕاستەوخۆ لە نێو تابەکاندا بەردەست بخات. ئەم هەنگاوەی مایکرۆسۆفت دوای تێهەڵکێش کردنی جێمینای و وێبگەڕی کرۆم لە لایەن گووگڵ و وێبگەڕی Comet دێت.

هەر ئەم دۆخە نوێیە دەتوانێت باشترین بژاردەت پێشکەش بکات لە نێو چەند کاڵایەک کە دەتەوێت بیکڕیت. هەروەها لە Address Bar (بەشی سەرەوە) دەردەکەوێت. پشتگیری لە دەنگ دەکات و مایکرۆسۆفت دەڵێت ئەو کەسانەی کە خوازیاری ئەم دۆخە نین دەتوانن ڕاستەوخۆ لە کاری بخەن.

مایکرۆسۆفت دەڵێت ئەم دۆخە لە ئێستادا تاقیکارییە و بۆ ماوەیەکی سنووردار بە خۆڕاییە. وا دیارە مایکرۆسۆفت پلانی هەیە لە داهاتوودا ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەی بەشداری کردنی مانگانە و ساڵانە بەردەست بخات.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.