لە بەردەوامی کێبڕکێی گەرمی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا بۆ پێشخستنی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد، گووگڵ هەنگاوێکی نوێی نا و نەوەی دووەمی مۆدێلی دروستکردنی وێنەی خۆی بە ناوی کۆدی “Nano Banana 2” ڕاگەیاند. ئەم مۆدێلە نوێیە، کە ناوی فەرمییەکەی Gemini 3 Flash Imageـە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی پێشکەوتوو و خێراییەکی بێوێنە دەهێنێتە ناو ئەپی جێمنای لە دروستکردنی وێنەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی گووگڵ، مۆدێلی Nano Banana 2 (یان Gemini 3 Flash Image) بەتەواوی جێگەی هەردوو مۆدێلی پێشووی ناو ئەپی جێمنای دەگرێتەوە، کە بریتی بوون لە “Nano Banana”ی ئاسایی و “Nano Banana Pro”. ئەم یەکخستنە واتە بەکارهێنەران چیتر پێویست ناکات لە نێوان خێرایی و کوالێتیدا یەکێکیان هەڵبژێرن، بەڵکو مۆدێلە نوێیەکە هەردووکیان پێکەوە کۆدەکاتەوە و ئەزموونێکی یەکگرتوو و پێشکەوتووتر پێشکەش دەکات.
ئەم مۆدێلە نوێیە تەنها بۆ دروستکردنی وێنەیەکی سادە نییە لە دەقەوە، بەڵکو چەندین توانای پڕۆفیشناڵی هەیە کە یارمەتی دیزاینەران و دروستکەرانی ناوەڕۆک دەدات:
-
دەق بۆ وێنە (Text-to-Image): وەک هەموو مۆدێلەکانی تر، دەتوانیت بە نووسینی وەسفێکی ورد، وێنەیەکی خەیاڵی یان واقیعی بە کوالێتییەکی زۆر بەرز و لە ماوەیەکی کورتدا دروست بکەیت.
-
دەستکاریکردنی وێنە بە دەق (Image + Text-to-Image): ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە بەهێزەکان؛ دەتوانیت وێنەیەک بدەیت بە مۆدێلەکە و بە نووسین پێی بڵێیت دەستکاری بەشێکی دیاریکراو بکات واتا ئێدتی بکات، بۆ نموونە گۆڕینی پاشبنەمای وێنەکە یان زیادکردنی تەنێک بۆ ناو وێنەکە.
- دروستی نوسینەکان لەسەر وێنە: لەم نەوە نوێی نانۆ بەنانە، دەقەکان زۆر وردتر و دروستتر لەسەر وێنەکان دەنوسێت و ئەمانە چەند نمونەیەکن.

بڵاوکردنەوەی Gemini 3 Flash Image (Nano Banana 2) سەلمێنەری ئەوەیە کە گووگڵ دەیەوێت بەتەواوی کۆنتڕۆڵی بازاڕی دروستکردنی وێنە بە ژیریی دەستکرد بکات و ڕکابەرییەکی توندتری مۆدێلەکانی وەک Midjourney و DALL-E 3 بکات. بە پێشکەشکردنی توانای تێکەڵکردنی چەند وێنەیەک و دەستکاریکردنی پێشکەوتوو، ئەم مۆدێلە دەبێتە ئامرازێکی سەرەکی لە دەستی بەکارهێنەرانی ئەپی جێمنایدا.
گووگڵ ئەم نەوە نوێیەی لەناو ئەپی جێمنای لە ١٤٤ وڵات بەردەست کردووە و ئێوەش دەتوانن تاقی بکەنەوە.
