ئامێرە هەمەجۆرەکان 4, ئازار 2020

دەنگۆ: ئەپڵ MacBook Pro بە ڕوونمای قەبارە 14.1 ئینجی و جۆری Mini-LED ـەوە بەردەست دەکات

وا دیارە ئەپڵ دەیەوێت بۆ ئەمساڵیش قەبارەیەکی جیاواز بۆ زنجیرە لاپتۆپی MacBook Pro زیاد بکات، وەک چۆن ساڵی ڕابردوو قەبارەی 16 ئینجی بۆ یەکەمجار لە لاپتۆپەکە بەردەستکرد.

بە پێی پێشبینییەکی پێشبینیکەری بەناوبانگ Ming-Chi Kuo بێت، ئەپڵ کار لەسەر بەردەستکردنی MacBook Pro ـەکی نوێ دەکات بە ڕوونمایەکی قەبارە 14.1 ئینجی و لە جۆری Mini-LED، کە دەبێتە یەکەمجار لاپتۆپەکە خاوەن ئەو قەبارە و جۆرە ڕوونمایە ببێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پێشبینیکەرەکە دەڵێت هەریەکە لە iMac Pro ـی قەبارە 27 ئینجی و iPad Mini ـی 7.9 ئینجیش لە ڕێگان بە ڕوونمای جۆری Mini-LED ـەوە. هەروەها ئەو سێ بەرهەمە و هەریەکە لە MacBook Pro ـی 16 ئینجی و iPad Pro ـی 12.9 ئینجی و iPad ـی 10.2 ئینجی بە ڕوونمای جۆری Mini-LED ـەوە بەردەست دەکرێن.

پێشتر پێشبینیکەر Ming-Chi Kuo ڕایگەیاندبوو کە ئەپڵ لە داهاتوودا ڕوونمای جۆری Mini-LED بۆ بەرهەمەکانی بەکاردەهێنێت، هەروەها لە مانگی کانوونی یەکەمی پار ساڵیشدا ڕایگەیاند کە ئەپڵ iPad Pro ـی نوێ لە چارەکی سێیەمی 2020 و MacBook Pro ـی 16 ئینجی نوێ بە ڕوونماکانی Mini-LED ـەوە بەردەست دەکات.

هەروەها Kuo پێشبینی دەکات کە سەرجەم 6 بەرهەمە ناوبراوەکان لە ئەمساڵدا و جیا بە جیا ڕابگەیەندرێن، ئاماژەی بە ڕێکەوتی بەردەستکردنیان بە دیاریکراوی نەدا، بێجگە لە ئاماژەکردن بە چارەکەکانی ساڵ نەبێت بۆ هەندێک بەرهەم، کە ئەویش لە سەرەوەدا نووسراوە.

لە زاری Kuo ـەوە بێت، هۆکاری بەکارهێنانی ڕوونمای جۆری Mini-LED لە جیاتی OLED لە لایەن ئەپڵەوە بۆ بەرهەمەکانی، دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی تایبەتمەندییە هاوشێوەکانی جۆری OLED لە Mini-LED ـدا، لەوانە؛ سنووردارکردنی تاریکی و مەودای فراوانی ڕەنگەکان.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ