مایکرۆسۆفت 4, ئازار 2020

مایکرۆسۆفت گۆڕانکاری لە دیزاینی لیستی Start ـی Windows 10 دەکات

ئەمڕۆ، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دیزاینێکی نوێی بۆ لیستی Start ـی Windows 10 ئاشکرا کرد.

لە پۆدکاستی Windows Insider ـدا، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دیزاینی نوێی لیستی Start ـی Windows 10 ـی ئاشکرا کرد، کە تێیدا کۆمپانیاکە بەرگێکی نوێ دەکاتەوە بە بەر بلۆکە جوڵاوەکانی وێنۆچکەکان لە لیستەکەدا. لە دیزاینە نوێیەکەدا، چیدیکە وێنۆچکەی ئەپەکان خاوەن پاشبەندی ڕەنگاوڕەنگ نابن لە نێو بلۆکەکاندا، بەڵکو پاشبەندەکانیان لێڵ دەبن.

ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئاسانکاری کردن لە گەڕان و دۆزینەوەی ئەپەکان.

هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی Windows 10 ـەوە، مایکرۆسۆفت بلۆکە جوڵاوەکانی ئەپەکان لە لیستی Start بەکاردەهێنێت، کە تێیدا وێنۆچکەکانی لیستەکە جوڵە وەردەگرن و زانیاری دیکە نیشان دەدەن. مایکرۆسۆفت ئەم تایبەتمەندییەی لە سیستەمی Windows 10X ـی تایبەت بە ئامێرە دووانە ڕوونماکان لابرد و پێشبینی دەکرا کە لە Windows 10 ـیشدا لایببات، بەڵام مایکرۆسۆفت دەڵێت ئەم تایبەتمەندییە وەک خۆی دەمێنێتەوە و لانابرێت.

نوێکردنەوەی دیزاینی لیستی Start ـی Windows 10، لە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مایکرۆسۆفت بە نزیکەیی وێنۆچکەی هەموو ئەپە سەرەکییەکانی سیستەمەکەی نوێکردەوە بە بەکارهێنانی تەکنیکێکی نوێوە بە ناوی Fluent Design.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم دیزاینە بۆ لیستی Start ـی سیستەمەکە لە وەشانی داهاتوودا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ