10
ئەپڵ 4, ئازار 2020

ئەپڵ ڕەزامەند بوو بە پێدانی بڕی 500 ملیۆن دۆلار وەکو سزا لە بەرانبەر خاوکردنەوەی ئایفۆنە کۆنەکاندا

کۆمپانیای ئەپڵ ڕەزامەند بوو بە پێدانی بڕی 500 ملیۆن دۆلار لە بەرانبەر خاوکردنەوەی ئایفۆنە کۆنەکاندا.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Bloomberg بێت، لە ڕۆژی هەینی هەفتەی ڕابردوودا دادگایی کردنێک لە کالیفۆڕنیای ئەمریکا ئەنجامدرا سەبارەت بە خاوکردنەوەی ئایفۆنە کۆنەکان لە لایەن ئەپڵەوە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو بڕیاری کۆتایی لە بارەوە بدرێت. لە دادگایی کردنەکەدا، ئەپڵ ناچار کرا بە پێدانی بڕێک پارە کە لە نێوان 310 تاوەکو 500 ملیۆن دۆلاردایە لە بەرانبەر خاوکردنەوەی ئایفۆنە کۆنەکاندا و پێویستە کۆمپانیاکە بڕێک پارەی کەم بۆ کڕیارانی مۆبایلەکانی iPhone 6 و iPhone 7 ـیش لە ئەمریکا بگەڕێنێتەوە.

کەیسی دادگایی کردنەکە کۆکراوەی دەیان کەیسی ساڵانی 2017 و 2018 بوو کە هەر بە هەمان سکاڵاوە تۆمار کرابوون. ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە ئەپڵ بۆ کڕیارانی مۆبایلەکانی iPhone 6 و iPhone 7 ـی لە ئەمریکا بگەڕێنێتەوە، بریتییە لە بڕی 25$. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئەپڵ بڕی 1,500$ تاوەکو 90 ملیۆن دۆلاری دیکەش بە دادگەرییەکان بدات.

کەمترین بڕە سزا کە پێویستە ئەپڵ بیدات بۆ ئەم کەیسە، بڕی 310 ملیۆن دۆلارە، بڕە سزاکە زیاد دەکات ئەگەر سکاڵای هاوشێوەی زیاتر تۆمار بکرێن.

لە مانگی ڕابردووشدا بریکارەکانی فەڕەنسا و ئیتاڵیا توانیان بڕە پارەیەک وەکو سزا لە ئەپڵ وەربگرن سەبارەت بە خاوکردنەوەی ئایفۆنە کۆنەکان، هەروەها حکومەتی فەڕەنساش بە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ ئەپڵی بە هەمان تۆمەت سزادا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ