ئەپ و نەرمەکاڵا 4, ئازار 2020

لەمەودوا یاریدەدەری دەنگی Google Assistant توانای دەبێت بە 42 زمان نووسینی پەڕەکانی وێب بخوێنێتەوە

لە سەرەتای ئەمساڵدا و لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کە کار لەسەر زیادکردنی تایبەتمەندی خوێندنەوەی نووسینی نێو پەڕەکانی وێب دەکەن بۆ یاریدەدەری دەنگی Google Assistant. لە کۆتایدا، کۆمپانیاکە دەستیکرد بە بەردەستکردنی تایبەتمەندییەکە بۆ بەکارهێنەران.

لە ڕێگەی تایبەتمەندییەکەوە، Google Assistant توانای دەبێت بە 42 زمانی جیاواز نووسینەکانی نێو پەڕەکانی وێبت بۆ بخوێنێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی وتنی “Hey Google, read it” و “Hey Google, read this page” بە یاریدەدەرە دەنگییەکە. لە کاتی خوێندنەوەی نووسینەکاندا، یاردەدەرە دەنگییەکە ئەو نووسینانە دیاری دەکات کە بۆت دەخوێنێتەوە، هەروەها دەتوانیت نووسینەکانی دیکە لە هەمان پەڕە دیاری بکەیت تاوەکو بۆتی بخوێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر کەسێکی ئارامگر نیت، دەتوانیت لە ڕێکخستنەکانی یاریدەدەرە دەنگییەکە دەستکاری خێرایی خوێندنەوەی نووسینەکان بکەیت.

تایبەتمەندییەکە بە 42 زمانی جیاواز بەردەست دەبێت، بە سوودە بۆ ئەو کەسانەی کە خاوەن مۆبایلێکی ڕوونما بچووکن یاخود تاقەتی خوێندنەوەیان نییە.

گووگڵ دەستیکردووە بە بەردەستکردنی تایبەتمەندییە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی یاریدەدەرە دەنگییەکە، هەر بۆیە ئەگەر تاوەکو ئێستا Google Assistant ـت چالاک نەکردووە لە ئەندرۆیدەکەت، چالاکی بکە و پشکنین بۆ تایبەتمەندییەکە بکە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ