کۆمپیوتەر 8, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Dell لاپتۆپی Concept Ori ـی بە ڕوونمای چەماوە و Concept Duet ـی بە 2 ڕوونماوە ڕاگەیاندن

لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 لە شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتی نیڤادای ئەمریکادا، کۆمپانیای Dell لاپتۆپی Concept Ori ـی بە ڕوونمای چەماوە و Concept Duet ـی بە 2 ڕوونماوە ڕاگەیاندن.

پێش هەموو شتێک، ئەم لاپتۆپانە لە شێوەی نموونەدا نمایش کراون. لاپتۆپی Concept Ori خاوەن ڕوونمایەکی چەماوەییە و زۆر لە لاپتۆپی ThinkPad X1 Fold ـی Lenovo دەچێت، کە دوێنێ نمایش کرا. قەبارەی ڕوونماکەی 13 ئینجە و ڕوونییەکەی +QHD ـە. قەڵەمێکی زیرەکی لەگەڵدایە کە بەکاردێت بۆ نەخشاندن لەسەر ڕوونما چەماوەییەکەی. دەربارەی تایبەتمەندییەکانی دیکەی وەکو پڕۆسێسەر، ڕام، گرافیک و ئەوانی دیکە لە لایەن کۆمپانیای Dell ـەوە ئاشکرا نەکراون.

هەرچی دەربارەی لاپتۆپی Concept Duet ـە، ئەمەیان ڕوونماکەی چەماوەیی نییە، بەڵکو خاوەن 2 دانە ڕوونمای جیاوازە و هەردووکیان پەیوەندیدارن بە یەکدییەوە. زیاتر لە لاپتۆپی XPS 13 2-in-1 دەچێت. شوێنی تەختەکلیل و تراکپادەکەی بە تەواوەتی جێگەی بە ڕوونمایەکی گەورە کراوەتەوە. قەبارەی هەر دوو ڕوونمایەکەی 13.4 ئینجن بە ڕوونی FHD. بە هەمان شێوە، تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئاشکرا نەکراون.

دەتوانرێت تەختەکلیلی دەرەکی بۆ ڕوونمای دووەمی لاپتۆپەکە زیاد بکرێت، بەمەش ڕوونماکە ڕاستەوخۆ خۆی لەگەڵ تەختەکلیلەکەدا دەگونجێنێت و تراکپادیشی بۆ زیاد دەکات.

لە میانەی نمایشکردنەکەدا، کۆمپانیاکە هیچ باسێکی دەربارەی سیستەمی کارپێکەری لاپتۆپەکان نەکرد، هەر بۆیە دیار نییە کە بە سیستەمی Windows 10X ـی تایبەت بە لاپتۆپە دووانە ڕوونماکان کار دەکەن یاخود نا.

کۆمپانیای Dell هیچی نەگوت سەبارەت بە ڕێکەوتی بەردەستکردن و نرخی لاپتۆپەکان، تەنانەت بە لایەنی کەمیشتەوە نەیگوت کە بەردەست دەکرێن یاخود نا. بەڵام هیچ نەبێت، ئەمانە داهاتووی لاپتۆپەکان نیشان دەدەن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ