تویتەر 6, ئازار 2020

تویتەر کار لەسەر زیادکردنی ستۆری هاوشێوەی سناپ چات دەکات

لەو کاتەوەی لە ساڵی 2006 ـدا ڕاگەیاندرا، تویتەر هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی بدات بە یەک جۆر بڵاوکراوەکان لە تۆڕەکەدا بڵاو بکەنەوە. بەڵام لەمەودوا، جۆرە چەشنێکی دیکە بۆ بڵاوکراوەکان بۆ تۆڕەکە زیاد دەکرێت.

تویتەر کار لەسەر تاقیکردنەوەی تایبەتمەندییەکی نوێ دەکات بە ناوی “Fleet” ـەوە. لە نێو تایبەتمەندییەکەدا، دەتوانرێت نووسینی 280 پیتی یاخود وێنە و ڤیدیۆ و وێنە جوڵاوەکانی تێدا بڵاوبکرێتەوە و لە بەشی سەرەوەی پەڕەی سەرەکی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دەمێنێتەوە. بە مانایەکی دیکە، هاوشێوەی ستۆرییەکانی سناپ چاتە.

بۆ درووستکردنی بڵاوکراوە لە Fleet، پێویستە پەنجە لە دوگمەی “+” بدەیت لە بەشی سەرەوەی پەڕەی سەرەکی، لە پاشان دەتوانیت نووسینێکی تاوەکو 280 پیتی یاخود وێنە و ڤیدیۆ و وێنەی جوڵاو دیاری بکەیت بۆ بڵاوکردنەوە. لە تایبەتمەندییەکەدا، ناتوانرێت ڵایک و ڕیتویت بۆ بڵاوکراوەکان بکرێن، بەڵام دەتوانرێت کاردانەوەیەکی هاوشێوەی بەشی نامەکان بۆ بڵاوکراوەکانی تایبەتمەندییەکە بنێردرێت.

ئەگەر دەتەوێت لە نزیکەوە تایبەتمەندییەکە ببینیت، بینەری ئەم ڤیدیۆیە ببە:

لە ئێستادا تایبەتمەندییەکە لە ژێر تاقیکردنەوەدایە لە نێوان کارمەندەکانی کۆمپانیاکەدا و وا دیارە بۆ بەکارهێنەرانی وڵاتی بەڕازیلیش زیاد کراوە، ئاشکرا نەکراوە کە کەی بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕەکە زیاد دەکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ