ئامێرە هەمەجۆرەکان 9, ئازار 2020

ئەپڵ تایبەتمەندی پێوانەکردنی ئۆکسجینی ناو خوێن بۆ Apple Watch زیاد دەکات

پێگەی 9to5Mac لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە کە بە سەیرکردنی کۆدەکانی وەشانی نوێی iOS 14، بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەپڵ کار لەسەر زیادکردنی تایبەتمەندییەکی نوێی تەندرووستی دەکات بۆ کاتژمێری زیرەکی Apple Watch.

پێگەکە دەڵێت بە شێوەیەکی تایبەت توانیویانە سەیری کۆدەکانی وەشانی نوێی iOS 14 بکەن، بەمەش بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەپڵ تایبەتمەندی پێوانەکردنی ئۆکسجینی ناو خوێن بۆ کاتژمێری زیرەکی Apple Watch زیاد دەکات. تایبەتمەندییەکە توانای دەبێت ئۆکسجینی ناو خوێن بپێوێت و لە کاتی کەمیدا، بەکارهێنەر ئاگادار بکاتەوە.

پێوەری پێوانەکردنی ئۆکسجینی ناو خوێن بە شێوەیەکە ئەگەر لە نێوان ڕێژەی 95 تاوەکو 100% بێت، ئەوا حاڵەتەکە تەندرووستە، بەڵام ئەگەر لە خوار ڕێژەی 80% بێت، ئەوا ڕەنگە کار بکاتە سەر کارکردنی دڵ و مێشک. دەبێت ئەو تایبەتمەندییە نوێیەی Apple Watch هەمان پێوەر بەکاربهێنێت.

هاوکات تایبەتمەندییەکە بەکارهێنەر ئاگادار دەکاتەوە لە حاڵەتی کەمی ئۆسکجینی ناو خوێنیدا، بە هەمان ئاگادارکەرەوەی تەندرووستی دڵی ئێستای کاتژمێرە زیرەکەکە.

ڕوون نییە کە ئەم تایبەتمەندییە پێویستی بە ڕەقەکاڵا یان نەرمەکاڵای نوێ دەبێت، بەڵام ئەگەر زۆرە کە تەنها لە کاتژمێری زیرەکی ڕانەگەیەندراوی زنجیرەی شەشەمی Apple Watch و وەشانی ڕانەگەیەندراوی watchOS 7 کار بکات.

پێشبینی دەکرا هەستەوەری خوێندنەوەی ترپەی دڵی نەوەی یەکەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch توانای پێوانەکردنی ئۆکسجینی ناو خوێنیشی هەبووایە، بەڵام وا دەرنەچوو. لە زنجیرەی چوارەمی Apple Watch ـدا، ئەپڵ هەستەوەری خوێندنەوەی ترپەی دڵی نوێ کردەوە و تایبەتمەندی نەخشەکێشی دڵ (ECG) ـی بۆ زیاد کرد، بەڵام دووبارە هەستەوەرەکە توانای پێوانەکردنی ئۆکسجینی ناو خوێنی نەبوو.

ئەمە ئامێری تایبەت بە پێوانەکردنی ئۆکسجینی ناو خوێنە، کە لە ڕێگەی پەنجەوە بەکاردێت، ناوازە دەبێت گەر ئەپڵ وا بکات چیدیکە ئەوە لە ڕێگەی کاتژمێرە زیرەکەکەیەوە ئەنجام بدەین:

هەروەها دەگوترێت ئەپڵ گەشە بە تایبەتمەندی نەخشەکێشی دڵ (ECG) دەدات و تایبەتمەندی پێوانەکردنی خەو بۆ زنجیرەی داهاتووی Apple Watch زیاد دەکات.

لە ئێستا کاتژمێرە وەرزشییەکانی Fitbit و هەندێک لەوانی دیکە توانایان هەن ئۆکسجینی ناو خوێن پێوانە بکەن.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ