گووگڵ 12, ئازار 2020

نرخی مۆبایلی Google Pixel 4A دزەی پێکرا

بۆ ماوەیەکی درێژە کۆمپانیای گووگڵ لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی ئاست نزمتر لە زنجیرەی Google Pixel 4 بە ناوی Google Pixel 4A. بۆ یەکەمجار نرخی مۆبایلەکە دزەی پێکرا.

دزەپێکەری بەناوبانگ Evan Blass وێنەیەکی درووست کردووە کە تێیدا دەیەوێت نرخی مۆبایلی Google Pixel 4A ئاشکرا بکات، وێنەکە پۆستەرێکی ڕێکلامی مۆبایلەکە نیشان دەدات و تێیدا دەردەکەوێت کە نرخی مۆبایلەکە لە 399$ ـەوە دەست پێدەکات، Evan هیچی سەربارەت بە فەرمی بوونی پۆستەرەکە باس نەکردووە.

هەروەها لە هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک وێنەی زیندووی مۆبایلەکە دزەیان پێکرا و دیزاینی تەواوەتیان ئاشکرا کرد.

بە پێی دزەپێکراوەکان بێت، مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 5.8 ئینج بە وردی نیشاندانی 2340 بە 1080 پێکسڵ و پڕۆسێسەری Snapdragon 730 ـی لەسەر جێگیر دەبێت، هەروەها خاوەن ڕامی 4 یان 6 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 64 گێگابایت دەبێت و لە پێشەوە خاوەن کامێرایەک دەبێت لەسەر چاڵی ژێر ڕوونماکەی و هەستەوەری پەنجەمۆرەکەشی لە پشتەوە جێگیر دەکرێت.

مۆبایلی Google Pixel 3A ـی پار ساڵ لە کۆنگرەی Google I/O نمایشکرا، بەڵام بۆ ئەمساڵ کۆنگرەکە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە و ئەنجام نادرێت، هەر بۆیە ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی Google Pixel 4A ڕوون نییە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ