رەقەکاڵا 7, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای SanDisk فراوانترین بیرگەی دەرەکی SSD ـی بە فراوانی 8 تێرابایتەوە نمایشکرد

لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای SanDisk ـیش ڕۆڵی خۆی لە مەیدانی پێشانگاکەدا گێڕا و فراوانترین بیرگەی دەرەکی SSD ـی بە فراوانی 8 تێرابایتەوە نمایشکرد.

بیرگە دەرەکییە نوێیەکەی کۆمپانیای SanDisk ناوی Ultra Dual Drive Luxe ـە، فراوانی 8 تێرابایتە و لە جۆری SSD ـە، بەمەش بووە فراوانترین بیرگەی دەرەکی لە جۆری SSD کە تاوەکو ئێستا بوونی هەبێت. قەبارەی بیرگە دەرەکییەکە بچکۆلانەیە و هەر وەکو بیرگە دەرەکییە ئاساییە SSD ـییەکانی دیکە دەبێت، بەمەش دەتوانرێت بە ئاسانی لە گیرفاندا جێگای ببێتەوە.

کۆمپانیای SanDisk دەڵێت ئەم بیرگەیە وەکو نموونە نمایش کراوە، هەر بۆیە ڕەنگە تاوەکو کاتی بەردەستکردنی، کۆمپانیایەکی دیکە بیرگەیەکی دەرەکی بە هەمان فراوانییەوە بەردەست بکات.

ساڵی پاریش کۆمپانیای SanDisk فراوانترین بیرگەی دەرەکی SSD ـی بە فراوانی 4 تێرابایتەوە لە هەمان پێشانگادا نمایشکرد.

تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکە هیچ ڕێکەوتێکی دیاریکراو بۆ بەردەستکردن و نرخی بیرگەی دەرەکی SSD ـی Ultra Dual Drive Luxe ـی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت لە ساتەوەختێکی کۆتاییەکانی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ