ئاسایشی ئەلیکترۆنی 9, نیسان 2020

گووگڵ بەکارهێنانی ئەپی Zoom ـی لە سەرجەم کارمەندانی بە هۆی کێشەی ئاسایشییەوە قەدەغەکرد

لە دواین بڕیاری نوێدا، کۆمپانیای گووگڵ بەکارهێنانی ئەپی Zoom ـی تایبەت بە ئەنجامدانی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکانی لە سەرجەم کارمەندانی خۆی بە هۆی کێشە ئاسایشییەکانی ئەپەکەوە قەدەغەکرد.

لە ئیمەیڵێکی کۆمپانیای گووگڵدا بۆ سەرجەم کارمەندانی لە هەفتەی ڕابردوودا، کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر کۆمپیوتەری هەر کارمەندێکی ئەپی Zoom ـی لەسەر دامەزرابێت، چیدیکە ئەپەکە کار ناکات و توانای بەکارهێنانی نابێت، هەروەها گووگڵ پێشنیازی بەکارهێنانی ئەپی Meet ـی خۆیی بۆ کارمەندەکانی کردووە لە جێگەی ئەپی Zoom.

ئەپی Zoom یەکێک بوو لەو ئەپانەی کە بەکارهێنەرێکی ئێجگار زۆری لە کاتی قەدەغەکردنی هاتوچۆی وڵاتان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پەیداکرد، بەڵام هەلی بۆ نەڕەخسا تاوەکو بە تەواوەتی سوود لەم دەرفەتە نایابە وەربگرێت و شارەزایان ژمارەیەک کەلێنی ئاسایشییان تێدا دۆزییەوە.

تەنانەت پێش ئەوەی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە سەرهەڵبدات و ئەپی Zoom وەها بەناوبانگ ببێت، ئەپڵ گەشەپێدەرانی ئەپەکەی لە هەبوونی کەلێنی ئاسایشی ئاگادار کردەوە لە ڕێگەی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بەستەرییەکانی تۆڕەکە بۆ macOS.

تەنانەت دەزگای FBI ـی ئەمریکیش گەشەپێدەرانی ئەپەکەی ئاگادار کردەوە لەوەی کە بژاردە بنەڕەتییەکانی ئەپەکە پارێزراو نین و خاوەن کەلێنن، هەر ئەوەندە نا، بەڵکو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی وڵاتان دەستیانکرد بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئەپی Zoom بە هۆی کەلێنە ئاسایشییەکانیەوە. ئەم گوشارانە وایکرد کە گەشەپێدەرانی ئەپی Zoom بۆ ماوەی 90 ڕۆژ تایبەتمەندییە نوێیەکان ڕابگرێت و کار لەسەر چارەسەرکردنی کەلێنەکان بکات.

بۆچونی تۆ