سامسۆنگ 11, كانونی دووه‌م 2020

ڕەنگە Galaxy Bloom ناوی مۆبایلی چەماوەیی داهاتووی کۆمپانیای سامسۆنگ ببێت

لە ساڵی ڕابردوودا، کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد کە کار لەسەر مۆبایلێکی چەماوەیی نوێ دەکەن، وا دیارە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم مۆبایلە چەماوەییە نوێیە نزیک بووەتەوە.

پێگەی Ajunews ـی کۆری لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کردووە کە وێنەیەکی ڵێڵ و ناڕوونیان بەدەست کەتووە کە تێیدا ناوی مۆبایلی چەماوەیی داهاتووی کۆمپانیای سامسۆنگ ئاشکرا دەکات، ئەویش Galaxy Bloom. چیرۆکی پشتی ئەم وێنەیە ئەوەیە کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆمپانیای سامسۆنگ بە شێوەیەکی داخراو کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوبەشەکانی بەستووە لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا و ڕایگەیاندووە کە مۆبایلی چەماوەیی داهاتوویان تایبەت دەبێت بە ئافرەتان.

هەروەها ڕاپۆرتەکە دەڵێت بەڕێوەبەرەکەی سامسۆنگ لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا، بە هاوبەشەکانی ڕاگەیاندووە کە شووشەی چەماوەیی بۆ ڕوونمای مۆبایلە چەماوەییە نوێیەکەیان بەکاردەهێنن لە جیاتی ڕووپۆشی پلاستیک.

هەر وەکو دەنگۆکانی دیکە، مەرج نییە ئەمە 100% ڕاست دەربچێت، بەڵام هەمیشە گوێمان لە ناوی جیاواز بووە بۆ بەرهەمە نوێیەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ لە ڕابردوودا.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت کۆمپانیای سامسۆنگ ئەم مۆبایلە چەماوەییە نوێیە تایبەت بکات بە ئافرەتان، هەر بۆیە بە شێوەیەک دیزاین دەکرێت کە ئاسان هەڵبگیرێت لە دەستتدا. ئەوەش ئاشکرا کراوە، کە بەڕێوەبەرەکەی کۆمپانیای سامسۆنگ بە یەکێک لە هاوبەشەکانی ڕاگەیاندووە کە Galaxy Bloom ـیان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای Lancôme ـی فەڕەنسی تایبەت بە کەلوپەلی جوانکاریدا دیزاین کردووە.

هەمان ڕاپۆرت ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە Galaxy S20 ناوی نەوەی نوێی زنجیرەی Galaxy S دەبێت.

دیار نییە کە کەی کۆمپانیا کۆرییەکە ئەم مۆبایلە چەماوەییە نوێیە ڕادەگەیەنێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ