ئەپڵ 22, نیسان 2020

دەنگۆ: بەردەستکردنی هەندێک لە ئایفۆنە 5G ـیەکان و iPhone SE Plus دوادەخرێن

پێشبینیکەری بەناوبانگ Ming-Chi Kuo ڕایگەیاند کە پێدەچێت بەردەستکردنی هەندێک لە ئایفۆنە 5G ـیەکانی ئەمساڵ و iPhone SE Plus بۆ چەند مانگێک دوابخرێن.

دەنگۆکان دەڵێن کە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا ئەپڵ 4 جۆر ئایفۆنی نوێ بە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بەردەست دەکات، کە خاوەن بەرزترین تێکڕای شەپۆلی 5G دەبن. پێشبینیکەر Ming-Chi Kuo لەم بارەیەوە دەڵێت کە پێدەچێت ئایفۆنە 6.7 ئینجییەکەی ئەمساڵ و گەورەترینی زنجیرەکە، تاوەکو تشرینی یەکەم بەردەست نەکرێت، واتا مانگێک دوادەخرێت، لە کاتێکدا هەموو ساڵێک ئایفۆنە نوێیەکان لە مانگی ئەیلولدا نمایش دەکرێن و لە هەمان مانگدا بەردەست دەکرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، Kuo دەڵێت جۆرێکی گەورەتر لە iPhone SE بە ناوی iPhone SE Plus تاوەکو چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو بەردەست ناکرێت. دەنگۆکان دەڵێن ئەم ئایفۆنە نوێیە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 5.5 یان 6.1 ئینج، وە خاوەن هەستەوەری ناسێنەرەوەی پەنجەمۆری Touch ID دەبێت لەسەر دوگمەی هۆم لە جێگەی هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی Face ID. جێگەی باسە ئەپڵ iPhone SE ـی نوێی بە پڕۆسێسەری A13 Bionic و نرخی دەستپێکی 399$ ـەوە لە هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاند.

پێگەی 9to5Mac لە مانگی ڕابردوودا ژمارەیەک کۆدی لە کۆدە دزەپێکراوەکانی iOS 14 دۆزیبووەوە کە ئاماژەی بە ئایفۆنێکی نوێی قەبارە 5.5 ئینجی دەکرد، بەڵام iPhone SE ـە نوێیەکەی هەفتەی ڕابردوو قەبارەی 4.7 ئینج بوو، بۆیە پێشبینی دەکرێت iPhone SE Plus قەبارەی 5.5 ئینج ببێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ