رەقەکاڵا
25, نیسان 2020
تەکنەلۆژیای Wi-Fi گەورەترین باشترکردن لە 20 ساڵدا بە خۆیەوە دەبینێت

لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا، تەکنەلۆژیای Wi-Fi گەورەترین باشترکردن بە خۆیەوە دەبینێت لە دوای 20 ساڵ.
کۆمسیۆنی فیدڕاڵی گواستنەوەکان دەستی کرد بە دەنگدان بۆ بەکارهێنانی باندی 6 گێگاهێرتزی Wi-Fi، بۆ توانای پەخشکردنی شەپۆلی ڕاوتەرەکان کە لە ئێستادا توانایان تەنها 2.4 و 5 گێگاهێرتزە. ئەمەش مانای وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕاوتەرەکان دەتوانن باشتر شەپۆلەکان پەخش بکەن و زۆرترین Wi-Fi لە چواردەورمان بوونی هەبێت بە بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر مەودای یەکدی درووست بکەن.
ئەمە گەورەترین باشترکردنە کە Wi-Fi لە دوای ساڵی 1997 ـەوە بە خۆیەوە بینیبێتی، کاتێک بۆ یەکەمجار باندی 5 گێگاهێرتز بۆ تەکنەلۆژیاکە ڕاگەیاندرا. هەر بۆیە، ئەمە گرنگی خۆی هەیە.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا ئامێرەکان پشتگیری باندی 6 گێگاهێرتزی Wi-Fi ـیان بۆ زیاد بکرێت، وە هەرکاتێک باندەکە بۆ یەکەمجار بەردەست کرا، ناوی براندەکەی “Wi-Fi 6E” دەبێت.
ئەمانە هەندێک زانیارین کە تاوەکو ئێستا لەبەردەستتان سەبارەت بە باندە نوێیەکەی Wi-Fi:
ئەمە چۆن خراپی Wi-Fi ـەکەم چارەسەر دەکات؟
ئەم باندە نوێیە هاوشێوەی باندەکانی ئێستای Wi-Fi، شەپۆلەکان تێک ناشکێنێت و لە کاتی زۆری Wi-Fi ـەکان لە چواردەور، کاریگەری لەسەر مەودا و توانای گواستنەوەیان درووست ناکات. هەر بۆیە لە کاتی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری Wi-Fi لە لیستی ئامێرەکەت، دەتوانیت بێکێشە پەیوەندی بە Wi-Fi ـیەکەی خۆتەوە ببەستیت.
باندی 6 گێگاهێرتزی Wi-Fi چییە؟
ئەمە باندێکی نوێی تەکنەلۆژیای Wi-Fi ـە، هاوشێوەی باندەکانی 2.4 و 5 گێگاهێرتز کە کار لەسەر گواستنەوەی شەپۆلەکان دەکەن. باندی 2.4 گێگاهێرتز شەپۆلەکان بۆ مەودایەکی فراوانتر ڕەوانە دەکات بەڵام خێرایی گواستنەوەی زانیارییەکانی کەمترە، باندی 6 گێگاهێرتز بە پێچەوانەوەیە و مەودای کەمترە بەڵام زانیارییەکان بە خێراتر دەگوازێتەوە و باندبەرینی زیاترە.
ئەم باندە خێراترە؟
لە ڕاستیدا، بەرزترین خێرایی هاوشێوەی باندی 5 گێگاهێرتز، 9.6 گێگابتە و خێراتر نییە. بەڵام جیاوازی ئەوەیە کە ئەم باندە شەپۆلەکان تێک ناشکێنێت و کاریگەری لەسەر خێرایی Wi-Fi ـەکانی دیکە درووست ناکات. ئەمەش دەیکاتە باشتر لە باندەکەی پێش خۆی.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.