سامسۆنگ 5, ئاب 2020

سامسۆنگ مۆبایلەکانی Galaxy Note 20 و Galaxy Note 20 Ultra ـی نمایشکردن

لە بۆنەیەکی تایبەتدا، ئەمڕۆ کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلەکانی Galaxy Note 20 و Galaxy Note 20 Ultra ـی نمایشکردن، کە بێ شک دەبنە یەکێک لە باشترین مۆبایلەکانی ساڵ.

زنجیرە مۆبایلی Galaxy Note بۆ ئەمساڵ دوو جۆر لە خۆ دەگرێت، Galaxy Note 20 ـی ئاسایی و Galaxy Note 20 Ultra ـی ئاست بەرز. هەردووکیان خاوەن تایبەتمەندییەکی لێکچوون، ئەویش هەبوونی قەڵەمی زیرەکی S Pen ـە. بەڵام دوو گالەکسییەکە زۆر جیاوازترن وەک لەوەی بیری لێ دەکەیتەوە.

هەر وەک ئەوەی سامسۆنگ جیاوازییەکی گەورەی درووستکرد لە جۆری Galaxy S20 Ultra بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە، جۆری Ultra ـی Galaxy Note 20 ـیش زۆر جیاوازە لە جۆرە ئاساییەکەی.

سامسۆنگ هیچ کام لە تایبەتمەندییەکانی ڕوونمای نوێکراوەی بەرز، دەرچەی microSD و کامێرای تەلەسکۆپی بۆ Galaxy S20 Ultra زیاد نەکردووە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە مۆبایلەکە هەرزان بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە نرخی لە 999$ ـەوە بەردەست دەکرێت.

مۆبایلی Note 20 Ultra خاوەن هەموو ئەو تایبەتمەندییانە کە مۆبایلێکی ئاست بەرز خاوەنیەتی. نرخی ئەم جۆرە لە 1,299$ ـەوە دەست پێدەکات.

هەردوو مۆبایلەکە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن. قەڵەمی S Pen ـەکانیان باشتر کراوە باشتر دەتوانیت کۆنتڕۆڵی مۆبایلەکانی پێ بکەیت. پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێوایەر و خێرا و هاوبەشیپێکردنی بارگە (شەحن) دەکەن.

بڵندگۆیەکانیان خاوەن تەکنەلۆژیای بە توانای Dolby ـن، خاوەن بڕوانامەی IP68 ـن بۆ بەرگری لە بەرانبەر تۆز و ئاو و بە وەشانی Android 10 کار دەکەن. هەردووکیان پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 8K دەکەن. وە هەردووکیان بەردەوامن لە خاوەندارێتی یاریدەدەری دەنگی Bixby ـی تایبەت بە سامسۆنگ. هەروەها پشتگیری لە تایبەتمەندی Samsung DeX دەکەن.

وێنە: Galaxy Note 20 Ultra لە لایەن The Verge.

Samsung Galaxy Note 20 Ultra

بە کورتی، مۆبایلی Galaxy Note 20 Ultra خاوەن دیزانێکی قەشەنگ، تایبەتمەندی زۆر و بەرزە، وە هەر وەک پێشبینیت دەکرد قەبارەشی گەورەیە. خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە بە قەبارەی 6.9 ئینج بە ڕوونی 1440 پێکسڵ لە جۆری OLED و بە تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز.

وێنە: ڕووی پێشەوەی مۆبایلی Galaxy Note 20 Ultra لە لایەن The Verge.

لە پێشەوە خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 10 مێگاپێکسڵ، هەروەها لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرای بە توانایە بە ڕوونییەکانی 108 مێگاپێکسڵ، 12 مێگاپێکسڵ لە جۆری تەلەسکۆپی و 12 مێگاپێکسڵ لە جۆری Ultra Wide.

وێنە: ڕووی دواوەی مۆبایلی Galaxy Note 20 Ultra لە لایەن The Verge.

لە ناوەوە، تەواو بە توانایە و خاوەن پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 Plus بۆ ئەمریکا و Exynos 990 بۆ وەشانی جیهانی، وە ڕامی 12 گێگابایت و بیرگەی 128 و 256 و 512 گێگابایتییە لە پاڵ هەبوونی دەرچەی microSD بۆ زیادکردنی بیرگەکەی. خاوەن پاترییەکە بە توانستی 4,500 ملی ئەمپێر، کە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 25 وات، لەگەڵ بارگاویکردنەوەی بێوایەر و هاوبەشیپێکردنی بارگە.

لە ژێر ڕوونما گەورەکەیدا خاوەن هەستەوەری ئاسایشی پەنجەمۆرە بۆ کردنەوەی قفڵەکەی.

مۆبایلی Galaxy Note 20 Ultra بە ڕەنگەکانی برۆنزی و ئاڵتونی و ڕەشەوە بە نرخی دەستپێکی 1,299$ لە 21 ـی ئەم مانگەدا بەردەست دەکرێت.

وێنە: لاشەی مۆبایلی Galaxy Note 20 Ultra.

Galaxy Note 20

مۆبایلی Galaxy Note 20 قەبارەی بچووکترە و خاوەن تایبەتمەندی کەمترە. خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.7 ئینج بە ڕوونی 1080 پێکسڵ، بەڵام هێشتا قەبارەی ڕوونماکەی گەورەیە. لایەکانی ڕوونماکەی کەمتر چەماوەین، وە چوارچێوەی کامێراکانی پشتەوەی زۆر گەورە نییە.

بەداخەوە، جیاوازییەکانی نێوان Galaxy Note 20 و Galaxy Note 20 Ultra زۆرن: تێکڕای نوێبوونەوەی ڕوونماکەی 60 هێرتزە، تەنها بژاردەی بیرگەی 128 گێگابایتی لێ بەردەستە و خاوەن دەرچەی microSD نییە.

وێنە: مۆبایلەکانی Galaxy Note 20 و Galaxy Note 20 Ultra لە لایەن The Verge.

مۆبایلی Galaxy Note 20 لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرای ئاست نزمترە بە ڕوونییەکانی 64 و دوو دانەی 12 مێگاپێکسڵ، کامێرای تەلەسکۆپی بوونی نییە. ڕوونی کامێرای پێشەوەشی وەک خۆی ماوەتەوە و 10 مێگاپێکسڵە. پاترییەکەشی بچووکترە و توانستی 4,300 ملی ئەمپێرە.

لە تایبەتمەندییەکانی دیکەدا هاوشێوەی Galaxy Note 20 Ultra ـیە.

وێنە: مۆبایلەکانی Galaxy Note 20 و Galaxy Note 20 Ultra لە لایەن The Verge.

مۆبایلی Galaxy Note 20 بە ڕەنگەکانی سەوز و بزۆنی و خۆڵەمێشییەوە بە نرخی دەستپێکی 999$ لە ڕێکەوتی 21 ـی ئەم مانگەدا بەردەست دەکرێت.

بۆچونی تۆ