ئامێرە هەمەجۆرەکان 15, ئه‌یلول 2020

ئەپڵ کاتژمێری زیرەکی Apple Watch SE ـی بە نرخێکی کەمەوە ڕاگەیاند

لە بۆنەیەکی تایبەتدا، ئەمڕۆ ئەپڵ کاتژمێری زیرەکی Apple Watch SE ـی بە نرخێکی کەمەوە ڕاگەیاند، کە مەبەست لێی بۆ ئەوەیە ئەم بەرهەمە ناوازەیە بەدەست هەمووان بگات.

کاتژمێری زیرەکی Apple Watch SE لە ڕووی دیزاینەوە هاوشێوەی زنجیرەی شەشەم و پێنجەم و چوارەمە، بەڵام بە پڕۆسێسەری S5 کار دەکات، کە 2 هێندە خێراتری دەکات لە زنجیرەی سێیەم. بە سیستەمی watchOS 7 کار دەکات.

کاتژمێرە زیرەکەکە خاوەن هەر یەکە لە تایبەتمەندییەکانی قیبلەنمای ناوەکی و بەرزی پێو و Emergency SOS ـە، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن تایبەتمەندییەکانی هەمیشە لەسەر ڕوونما always-on و ECG نییە، کە لە زنجیرەی چوارەم و نوێتردا بوونیان هەبوون.

لە ڕووی توانستەوە، دوو ناوکی کارپێکەر بەکاردەهێنێت کە هەمان توانای زنجیرەی پێنجەم بەرهەم دەهێنێت.

کاتژمێری زیرەکی Apple Watch SE بە قەبارەکانی 40 و 44 میلیمەتری و وەشانی GPS و Cellular ـەوە بە کۆمەڵێک دەستبەندی نوێوە بەردەست دەبێت. بەم هۆیەوە قەبارەی ڕوونماکەی بە ڕێژەی 30% گەورەتر دەکات بە بەراورد بە زنجیرەی سێیەم.

نرخی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch SE بە بڕی تەنها 279$ بۆ قەبارەی 40 میلیمەتری و GPS لە ئەمڕۆوە بەردەست دەبێت بۆ داواکردنی پێشوەختە و لە ڕۆژی هەینییەوە لە کۆگایەکانی ئەپڵ بەردەست دەبێت بۆ کڕین.

بۆچونی تۆ