مۆبایل و تابلێت
5, تەممووز 2023
بەفەرمی زنجیرە مۆبایلی Red Magic 8S Pro نمایش کرا، جۆری پرۆ پڵەس بە بژاردەی ڕامی 24 گێگابایت بەردەست دەبێت

بەفەرمی و لە کۆتاییدا براندی ڕێد ماجیک زنجیرە مۆبایلی Red Magic 8S Pro نمایش كرد.
زنجیرەکەی لە دوو مۆبایل پێکدێت، هەموو تایبەتمەندییەکانیان هاوشێوەن تەنها ئەوە نەبێت کە جۆری پرۆ پڵەس بژاردەی ڕام و بیرگەی زیاتر لێ بەردەست دەخرێت.
زنجیرە مۆبایلەکە چیپسێتی Snapdragon 8+ Gen 2 لەسەر جێگیر کراوە، کە لەڕووی CPU بە ڕێژەی %5 و لەڕووی GPU بە ڕێژەی %5.7 لە چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 2 خێراترە.

چوارچێوەی مۆبایلەکان لە ئەلەمنیۆم دروستکراوە، ڕوونماکەی قەبارەی 6.8 ئینجە لە جۆری AMOLED بە ڕوونی 1116*2480 پیکسڵ و تێکرایی نوێ بوونەوەی 120 هێرتز و تێکرایی دەست لێدانی 960 هێرتز و ڕووناکییەکەی 1300 نیتە و بە پارێزەری Gorilla Glass 5 ڕووپۆش کراوە. هەروەها دوو شانەی هەستیار بۆ یاریکردن لە خۆ دەگرن بە تێکرایی نوێ بوونەوەی 520 هێرتز و خێرایی و وەڵامدانەوەی 7.4ms.
پاترییەکانیان قەبارەی 6,000 مللی ئەمپێر / کاتژمێرییە بە بارگاوی کەرەوەی 165 وات. کامێرای سێڵفی لە ژێر ڕوونما جێگیر کراوە بە ڕوونی 16 مێگاپیکسڵ و کامێرای سەرەکی بەڕوونی 50 مێگاپیکسڵ.

جۆری پرۆ ڕامی تاکو 12 گێگابایت و بیرگەی تاکو 512 گێگابایت بەردەست دەبێت و نرخی دەستپێکی بریتییە لە 550 دۆلار، هەروەها جۆری پرۆ پڵەس نرخی دەستپێکی بریتییە لە 760 دۆلار بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 16 گێگابایت و نرخی 1035 دۆلار بۆ بیرگەی 1 تێرابایت و ڕامی 24 گێگابایت! بەڵێ ئەوەی ئێستا دەیخوێنیتەوە ڕاستە، یەکەم مۆبایلە بە ڕامی 24 گێگابایت بەردەست دەبێت.

موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.