سامسۆنگ
26, تەممووز 2023
مۆبایلی چەماوەی Galaxy Z Fold5 بە چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 2 نمایش کرا

نەوەی نوێی مۆبایلە چەماوەکەی سامسۆنگ ئێستا بە تەواوی تەختە لە کاتی کردنەوەدا و هیچ کەلێنێک لە کاتی نوشتاندنەوەی بەدی ناکرێت. هەروەها کێشی کەمترە و بە نزیکەی %13 تەنکترە لە نەوەی پێش خۆی.
چوارچێوەی مۆبایلەکە لە ئەلەمنیۆم پێکدێت و ڕوونماکانی بە پارێزەری زۆر بەهێزی Gorilla Glass Victus 2 ڕووپۆش کراون و خاوەندارێتی بڕوانامەی IPX8 کە ئەمە واتای وایە لەگەڵ ئەوەی چەماوەیە بەرگەی ئاو دەگرێت.
ڕوونمای دەرەوەی Cover Display قەبارەی 6.2 ئینجە لە جۆری Dynamic AMOLED 2X بە ڕوونی 2316*904 پێکسڵ و تێکڕایی نوێ بوونەوەی 120 هێرتز، لە کاتی کردنەوەدا ڕوونمایەک بە قەبارەی 7.6 ئینج و تێکڕایی نوێ بوونەوەی 120 هێرتز لە جۆری Foldable Dynamic AMOLED 2X لەخۆی دەگرێت. هەروەها ڕوونمای سەرەکی بە ڕێژەی %30 ڕووناکی زیاترە لە نەوەی پێشووتری کە 1,750 نیتە.
ئەم مۆبایلە ناوازەیەی سامسۆنگ بە نوێترین نەوەی چیپی سناپدراگۆن کە تایبەتکراوە بە گالەکسی بەهێزکراوە بەناوی Snapdragon 8 Gen2 For Galaxy بەجۆرێک خێرایی زیاترە لەچاو هەمان چیپ کە بڕاندەکانی تر بەکاریانهێناوە چونکە ئەمە تایبەتە.

ئەم مامۆبایلە ٥ کامێرا لەخۆی دەگرێت. کامێرای سێڵفی ڕوونما گەورەکەی لە ژێر ڕوونمایە بە ڕوونی 4 مێگاپیکسڵ جێگیر کراوە و ڕوونی کامێرا سێڵفییەکەی دیکەشی 10 مێگاپیکسڵە کە لەسەر ڕوونمای دەرەوەیە، لەبەشی پشتەوەی سێ کامێرا لە خۆ دەگرێت، 50 مێگاپیکسڵ بۆ کامێرای سەرەکی و 10 مێگاپیکسڵ بۆ کامێرای گۆشە فراوان و 10 مێگاپیکسڵ بۆ کامێرای تێلەفۆتۆ. بەشێوەیەکی گشتی، کامێرای پشتەوەی وێنەی زۆر ئاستبەرز دەچرکێنن و لە دۆخی شەویشدا وێنەکان بە ئاستێکی بەرز ڕووناک دەکاتەوە. ئەمە و تۆمارکردنی ڤیدیۆ تاوەکو 8K 30FPS و بوونی دۆخی Super Steady Mode بۆ جێگیرکردنی وێنە بەشێوەیەکی زۆر باش. ئەمەی سەرسوڕهێنەرە دەتواندرێت سود لە ڕوونما دەرەوە وەربگیرێت بۆ گرتنی وێنەی سێڵفی بە کامێرای پشتەوە.

گالەکسی زێد فۆڵد ٥ پاترییەکی قەبارە 4,400 مللی ئەمپێر / کاتژمێری لە خۆ دەگرێت بە بارگاوی کەرەوەی 25 وات و 15 واتی بێ تەل دەکات. پاتریەکەی بەرگەگرتنی باشترە چونکە چیپی Snapdragon 8 Gen2 پێویستی بە وزەی کەمترە.
ئەوەی زیاتر سامسۆنگ جیادەکاتەوە بۆ مۆبایلی چەماوە گونجاندنی سیستەمەکەیە بەشێوەیەکی زۆر ئاست بەرز. گالەکسی زێد فۆڵد ٥ ڕووکاری OneUI5.1.1ی بنچینە لەسەر ئەندرۆید ١٣ی تێدا جێگیرکراوە و سامسۆنگ بەڵێنی ٤ ساڵ ناردنی ئەپدەیت بۆ مۆبایلەکە بە بەکارهێنەرانی دەدات کە بەڕاستی نایابە. لەم ڕووکارەدا، چەندین شتی نایاب ئەنجام دراون لەوانە سود وەرگرتن لە ڕوونما گەورەکە بۆ فرەکاری Multi-tasking و پاڵپشتی ڕوونمای ناوەوە بۆ SPen و بوونی Flex Mode و دۆخی Dex و زیاتریش.

سەرباری هەموو ئەم تایبەتمەندییانە، گالەکسی زێد فۆڵد ٥ خاوەن بڵندگۆی ستێریۆی ئاست بەرزە و دەنگیان بەرز و بێ خەوشە. هەروەک مایکەکانی بۆ تۆمارکردنی دەنگ ژاوەژاو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکەنەوە. پەنجەمۆری ئەم مۆبایلە لەتەنیشتەوەیە لەسەر دوگمەی وزەیە و زۆر خێرایە.
سامسۆنگ چەندین کەڤەری نایاب و تایبەتی بۆ گالەکسی زێد فۆڵد بەردەست کردووە و هەریەکەیان خاوەن تایبەتمەندی جیاوازن. ئێمە وەکو ستافی کەی ئای تی ئێن کەڤەری Slim SPen Case مان تاقیکردەوە کە پێنوسی لەگەڵە و زۆر بەجوانی مۆبایلەکە دادەپۆشێت و بە جۆرایەتییەکی بەرز دروستکراوە.

نرخی دەستپێکی مۆبایلەکە بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 1,499 دۆلار.
کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوی فەرمی سامسۆنگ لە عێراق و کوردستان
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.