ژیری دەستکرد AI 3, نیسان 2024

وەن پڵەس تایبەتمەندییەک کە بە زیرەکی دەستکرد بەهێز کراوە بۆ چەند مۆبایلێکی بەردەست دەخات

وەن پڵەس دێتە نێو جیهانی زیرەکی دەستکرد بۆ مۆبایلە زیرەکەکان و لە یەکەمین هەنگاودا تایبەتمەندی AI Eraser بۆ چەند مۆبایلێکی بەردەست دەخات.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاند چەند تایبەتمەندییەکی دیکەش کە بە زیرەکی دەستکرد بەهێز کراون کاری لەسەر دەکرێت و لە کۆتایی ئەمساڵ بەردەست دەبێت. گووگڵ و سامسۆنگ لە ئێستادا تاکە کۆمپانیان کە مۆبایلەکانیان پشتگیری لە زیرەکی دەستکرد دەکەن و وادیارە ئێستا وەن پڵەس و ئەپڵیش لە چەند مانگی داهاتوودا دێنە نێو جیهانی زیرەکی دەستکرد بۆ مۆبایلە زیرەکەکان.

وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت، تایبەتمەندییەکە بریتییە لە بەکارھێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ لابردنی تەنە نەخوازراوەکان لە نێو وێنەکاندا. ئەم تایبەتمەندییە بۆ یەکەمین جار بۆ مۆبایلە زیرەکەکان گووگڵ بە ناوی Google Magic Eraser ڕایگەیاند لە ساڵی 2021 و لەسەر مۆبایلی گووگڵ پێکسڵ 6 جێگیری کرد و پاشان ئێستا ئەو مۆبایلانەی سامسۆنگ کە پشتگیری لە زیرەکی دەستکرد دەکەن ئەم تایبەتمەندییەیان هەیە. وەن پڵەس دەڵێت تایبەتمەندییەکە بنچینە کراوە لەسەر مۆدێلی زمانی گەورەی زیرەکی دەستکردی خۆیان. وەن پڵەس ڕایگەیاند کە تایبەتمەندییەکە لە نێو ئەپی OnePlus Photos بەردەست دەبێت، بەڵام دیاری نەکردووە لە ڕێگەی نوێکردنەوەی ئەپەکە یاخوود لە ڕێگەی وەشانێکی OxygenOS ئەم تایبەتمەندییە بەردەست دەکات.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە تایبەتمەندییەکە بۆ مۆبایلەکانی OnePlus 12, OnePlus 12R, OnePlus 11, OnePlus Open, OnePlus Nord CE 4 بەردەست دەبێت.

سەرچاوە Gizmo China
بۆچونی تۆ