هەواڵ
25, ئەیلوول 2023
هواوەی تابلێتی Huawei MatePad Pro 13.2 وەک بەهێزترین تابلێتی خۆی نمایش کرد

ئەمڕۆ هواوەی کۆنگرەی بەست و لە پاڵ ڕاگەیاندنی براندێکی نوێ، چەند بەرهەمێکی دیکەشی ڕاگەیاند کە یەکێک لەوانە تابلێتی Huawei MatePad Pro 13.2 ـە. تابلێتەکە بەهێزترین تابلێتی کۆمپانیاکەیە تاوەکو ئێستا و ڕوونمایەکی قەبارە 13.2 ئینجی لە جۆری OLED بە ڕوونی 2.8K و تێکڕای نوێبوونەوەی 144 هێرتز و ڕووناکی تاوەکو 1,000 نیت لە خۆ دەگرێت. ڕوونمای تابلێتەکە بڕوانامەی Rheinland Global Eye Protection 3.0 تایبەت بە پاراستنی چاو لە تیشکە زیانبەخشەکان هەیە و ڕوونماکەی زیانێکی کەمی هەیە بۆ چاو.

لێواری تابلێتەکە زۆر کەمە و ڕێژەی ڕوونما بۆ لاشەی تابلێتەکە %94 ـە. کار بە چیپسێتی Kirin 9000S دەکات. تابلێتەکە سووکترین و تەنکترین تابلێتەکە لە قەبارەی خۆیدا و تەنکییەکەی 5.5ملمە و کێشی تەنها 580 گرامە. پشتگیری لە نەوەی سێیەمی پێنووسی زیرەکی Huawei M-Pencil دەکات کە تەکنەلۆژیای StarLight بەکار دەهێنێت و هواوەی دەڵێت بە بەراورد بە نوێترین پێنووسی زیرەکی ئەپڵ %20 خێراترە و 10,000 ئاستی هەستیاری بە پەستان هەیە. هەروەها پشتگیری لە تەختەکلیل دەکات، بەهۆی ئەمەوە هواوەی پشتگیری تایبەتی بۆ ئەپەکانی ئۆفیس و هەندێک ئەپی کۆمپیوتەریش لە تابلێتەکەدا بەردەست خستووە.

هواوەی دەڵێت تابلێتەکە بەهێزترین نیشانە(Signal)ی Wi-Fiی هەیە لە نێو تابلێتەکاندا و 4 بڵندگۆی ئاست بەرز بە تەکنەلۆژیای Huawei Sound لە خۆ دەگرێت. کار بە سیستەمی وەگەڕخەری HarmonyOS 4 دەکات.
کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 13 مێگاپێکسڵە و کامێرای گۆشە فراوانەکەشی ڕوونی 8 مێگاپێکسڵە، لەگەڵ سێڵفییەکی 16 مێگاپێکسڵ و هەستەوەری سێ دووری ToF.

پاترییەکی قەبارە 10,100 مللی ئەمپێر/کاتژمێری بە بارگاوی کەرەوەی 88 وات هەیە. نرخی تابلێتەکە لە چین بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 710 دۆلار و بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 780 دۆلار و بۆ بیرگەی 1 تێرابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 915 دۆلار و بۆ بیرگەی 1 تێرابایت و ڕامی 16 گێگابایت بریتییە لە 960 دۆلار.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.