گووگڵ
4, تشرینی یەکەم 2023
بیستۆکی Google Pixel Buds Pro بە نوێکردنەوەیەک چەندین تایبەتمەندی بۆ زیاد دەکرێت

گووگڵ 5 تایبەتمەندی نوێ بۆ بیستۆکی Pixel Buds Pro زیاد دەکات. یەکەمین و گرنگترین تایبەتمەندی Conversion Detection ـە. کاتێک بەکارهێنەر دەست بە قسەکردن و گفتوگۆ دەکات ڕاستەوخۆ دەنگی بیستۆکەکە دەوەستێت و پاش ئەوەی بەکارهێنەر لە قسە کردن تەواو بوو ڕاستەوخۆ دەنگەکە دەست پێ دەکاتەوە، بێگومان بە یارمەتی زیرەکی دەستکرد.
گووگڵ جۆرایەتی(Quality) بیستۆکەکە بۆ تەلەفۆن زۆر باشتر دەکات. بەهۆی زیاد کردنی پشتگیری تایبەتمەندی Bluetooth Super Wideband بۆ بیستۆکەکە، گووگڵ دەڵێت ئێستا لە کاتی تەلەفۆن کردن دەنگی بیستۆکەکە بەرزتر و ڕوونترە بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە. هەروەها پشتگیری لە تایبەتمەندی Clear Calling دەکات کە ژاوە ژاوی دەورووبەر لادەبات لە کاتی تەلەفۆن کردن.

تەندروستی گوێیەکان و بیستن لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە جێگەی سەرنجی بەرهەمهێنەرانی بیستۆک و ئەپی Pixel Buds پێت دەڵێت کە بە تێپەڕبوونی کات چەندە بە دەنگی بەرز گوێت گرتووە و ئاگادارت دەکاتەوە لەوەی کەی ڕەنگە بتەوێت دەنگی بیستۆکەکە دابەزێنیت بۆ پاراستنی گوێ و بیستنت.
بۆ یاریکەرانیش، گووگڵ مۆدێکی نوێ بە ناوی low-latency پێشکەش دەکات کە دواخستنی دەنگ بە تەواوەتی کەم دەکاتەوە.

هەروەها کۆمپانیاکە دوو ڕەنگی نوێی بۆ بیستۆکەکە زیاد کرد بۆ گونجاندنی لەگەڵ زنجیرە مۆبایلی گووگڵ پێکسڵ 8.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.